عێراق.. چەندین باخ و گەنمی جووتیاران بەهۆی ئاگرەوە سووتاون
K24 - هەولێر
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، گەنم، باخ و دارخورمای چەند پارێزگایەکی عێراقی ئاگری گرتووە. ئەمەش لەکاتێکدایە سەرچاوە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی هەورەبروسکە و کەشوهەوای وڵاتەوە بووە.
محەممەد ئەلخوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند: تا ئێستا نەسەلمێندراوە کردەوەی تێکدەرانە لە پشت ئاگرکەوتنەوەکانەوە هەبووبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەری زۆرە ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بوبێت.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، لە پارێزگای کەرکووک 200 دۆنم زەوی گەنم سووتاوە، هەروەها لە شاری سامەڕا بەشێک لە گەنمی جوتیاران ئاگریگرت، کێڵگەیەکی میوە و خورماش لە پارێزگای ئەلقادیسیە گڕی گرت، هەروەها پارێزگای سەڵاح الدین و پارێزگای دیالە بێبەش نەبوون لە سووتانی دەغل ودانی جوتیاران، نزیکەی 40 دۆنمیش لە قەزای ئەلسەلام لە باکووری رۆژهەڵاتی بەعقوبە سووتا.