دیوانی پارێزگای بابل جلوبەرگی 'نەشیاو' لە فەرمانبەران قەدەغە دەکات
K24 - هەولێر:
نووسینگەی پارێزگاری بابل رێنماییەکی بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگە حکومییەکان دەرکرد، بۆئەوەی پابەندبن بە جلوبەرگی فەرمی و لەبەرنەکردنی جلوبەرگی نەشیاو.
بە گوێرەی نووسراوێک کە لەلایەن نووسینگەی پارێزگاری بابلەوە ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە حکومییەکانی سەربە پارێزگای بابل کراوە، هیچ فەرمانبەرێک بۆی نییە بە جلوبەرگی نەشیاو وەک (پانتۆڵی تەسک یان بە پێڵاوی بێ گۆرەوی) بچێتە باڵەخانەی دیوانی پارێزگای بابلەوە.
نووسینگەی پارێزگاری بابل ئاماژەی بەوەداوە، پێویستە فەرمانبەرانی ژن پابەندبن بە یەکپۆشی و جلوبەرگێک لەبەر نەکەن کە لە شکۆی کارەکەیان کەمبکاتەوە، بەپێچەوانەوە بەشە پەیوەندیدارەکان و سەرۆکی بەشەکان بەرپرسیارێتی یاسایی لە ئەستۆ دەگرن.