لە بەسرە تۆڕێکی گەورەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیر کران

ئەندامانی هەواڵگری عێراق
ئەندامانی هەواڵگری عێراق

K24 - هەولێر

دەزگای هەواڵگری عێراق، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی گەورەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بە قاچاغبردنی پاکستانییەکان لە پارێزگای بەسرە راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی ئایاری 2023، دەزگای هەواڵگری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "مەفرەزەکانیان توانیان گەورەترین تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و قاچاغ، کە خەڵکی پاکستانن لە سنوورەکانەوە هەڵبوەشێننەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی نەچنە ناو عێراقەوە لەپارێزگای بەسرە".

دەزگای هەواڵگری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوبەشی لەگەڵ هەواڵگریی فەرماندەیی هێزە سنوورییەکان ئەنجامدراوە، کە تیایدا هەڵیانکوتایە سەر شوێنە نهێنییەکانی داڵدەدانی ئەو تۆڕە و تەنها لە پارێزگای بەسرە پێنج شوێنی ئەو قاچاغ چیانەیان ئاشکراکردووە و توانیویانە 37 کەس دەستگیر بکەن".