ژمارەیەک سەگی بێلانە پەلاماری منداڵێکی پێنج ساڵان دەدەن

K24 – هەولێر:

ژمارەیەک سەگی بێلانە پەلاماری منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان دەدەن و برینداری دەکەن، دواتر لەلایەن دراوسێکانیه‌وە رزگار دەکرێت.

دوای ئەوەی ژمارەیەک سەگی بێلانە پەلاماری منداڵێک دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن، بەهۆی سەختی برینەکانی سەر و رووخساری، دەگەیندرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر.

باوکی منداڵەکە بۆ کوردستان24 دەڵێت، "خۆی لەماڵەوە نەبووە و دراوسێکانی منداڵەکەیان رزگارکردووە" هەروەها گوتیشی، "ئەگەر دراوسێکان نەبوونایە لەوانەبوو منداڵەکەم گیانی لەدەستدابا".

لەلایەن خۆیەوە پزیشکێک لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای شاری هەولێر، بە کوردستان24ــی رایگەیاند، حاڵەتی پەلاماردانی سەگی بێلانە روو لە زیادبوونە، مانگانە 80 بۆ 90 حاڵەتی لەو شێوەیە دەهێنرێتە نەخۆشخانەکەیان.

هەروەها راشیگەیاند، بۆ چارەسەرکردنیان دەرزی دژی نەخۆشی هاریی و دژه‌ ژانیان لێدەدرێ.

بە گوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر، لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 300 حاڵەتی گەستنی سەگ هەبووە، لە نەخۆشخانەکەش چارەسەریان بۆ کراوە.

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل