میسر و یەکێتی ئەوروپا سەنتەرێک بۆ راهێنانی کرێکاران دادەمەزرێنن
K24 - هەولێر
میسر دەستیکردووە بە هەنگاونان بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی راهێنان بە هاوکاری یەکێتی ئەوروپا، بە ئامانجی دابینکردنی کرێکارانی کۆچبەری میسری بۆ پێداویستییەکانی بازاڕی کار لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
سوها جوندی، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی میسر لەگەڵ کریستیان بێرگەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە قاهیرە، کۆبووەوە، دوای دیدارەکە رایگەیاند، "سەنتەرەکە هەموو ئەو راهێنانانە پێشکەش دەکات کە گەنجان پێویستیان پێیەتی، دوور لە سنووردارکردنی بیروراکان و کێشەکانی ڤیزا"، هەروەها "بارەگایەکی فیزیکی بۆ سەنتەرەکە دادەمەزرێت و ماڵپەڕێکیش گواستنەوەی کرێکارەکان رێکدەخات".
دیدارەکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی میسر و ئەو بەرپرسە ئەوروپییە لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە دۆسیەکانی کۆچبەری و پەرەپێدان دێت، لە میانی دیدارەکەدا، جوندی پێداچوونەوەی بە هەوڵەکانی وەزارەتەکەی کرد، لە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی.
وەزیری کۆچ و کۆچبەران ئاماژەی بە "گفتوگۆکانی میسر و ئەوروپا سەبارەت بە رەخساندنی دەرفەتی زیاتر و تێپەڕاندنی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان و داڕشتنی نەخشەیەکی روون بۆ دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان، لە رێگەی دامەزراندنی ناوەندێکی تایبەتمەندی میسری لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینەی میسر و ئەوروپی".
ئەو سەنتەرەی کە بڕیارە دابمەزرێت، نموونەی سەنتەری میسری-ئەڵمانی بۆ هەلی کار و کۆچبەرییە، کە بە هاوکاری ئاژانسی ئەڵمانی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی (GIZ) دامەزراوە، بە ئامانجی راهێنان و دامەزراندنی میسرییەکان لەو پیشانەی کە ئەڵمانیا پێویستی پێیەتی.
وەزیری کۆچبەرانی میسر رایگەیاند، "کارکردن لەو پارێزگایانە بەردەوامە، کە زۆرترین کۆچی نایاسایی تێدایە، بۆ دۆزینەوەی دەرفەت و بەدیلێکی گونجاو بۆ ئەم دیاردەیە".
لە بەرامبەردا باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا جەختی لە گرنگی هاوکاری لەگەڵ میسر لە بواری کۆچدا کردەوە و ئاماژەی بە پێویستی جێبەجێکردنی ئەرێنی بەرنامەی کۆچ لە رێگەی پاکێجێکەوە کرد، کە دەگاتە 60 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش بۆ وەڵامدانەوەی ئاستەنگەکانی کۆچبەری لە میسر و تونس و مەغریب.