دانیشتوانی گوندێکی ئەفغانستان بۆ بژێوی ژیان گورچیلەی خۆیان دەفرۆشن  

K24 - هەولێر

شەنشیبا بازاڕ، گوندێکی ئەفغانییە لە نزیک شاری هێرات، بە "گوندی یەک گورچیلە" لە ئەفغانستان ناسراوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی ئەفغانستانەوە کە یەکێک لە گورچیلەکانیان فرۆشتووە بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

ئەفغانستان چەند ساڵێکە لە رووی ئابوورییەوە لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە، بەڵام ئێستا لەسەردەمی دەسڵاتی تاڵیبان ئابووریەکەی بە تەواوی داڕماوە، بۆیە هەندێک خەڵک یەکێک لە گورچیلەکانیان دەفرۆشن بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بدەنەوە و خواردن و خواردنەوە بۆ خێزانەکانیان دابین بکەن.

بەپێی ماڵپەڕی  "odditycentral"، یەکێک لە گوندە بچووکەکانی پارێزگای هێرات بە "گوندی یەک گورچیلە" ناسراوە، بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووان کە یەکێک لە گورچیلەکانیان لە بازاڕی رەش فرۆشتووە.

نورەدین، پیاوێکی تەمەن 32 ساڵی خەڵکی گوندەکەیە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "من نەمدەویست گورچیلەکەم بفرۆشم، بەڵام هیچ بژاردەیەکم نەبوو، من ئەوەم بۆ منداڵەکانم کرد، ئیتر کار ناکەم، چونکە ئازارم هەیە و ناتوانم هیچ شتێکی قورس بەرز بکەمەوە."

کڕین یان فرۆشتنی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان نایاساییە و قەدەغەیە، بەڵام لە ئەفغانستان رێکنەخراوە، ئەو کاتەی رەزامەندی لەلایەن بەخشەرەوە دەرببڕدرێت، پزیشکەکان دەست بە نەشتەرگەری دەکەن، بەڵام کەس نازانێت ئەندامەکان بۆ کوێ دەچن.

ژنێک دەڵێت، گورچیلەکەم بە 250 هەزاری ئەفغانی فرۆشت کەدەکاتە "2900" دۆلار، لەبەر ئەوەی  ناچار بووم، چونکە هاوسەرەکەم کار ناکات و قەرزمان لەسەرە.

عەزیزە، دایکی سێ منداڵە، ئاماژەی بەوەشکردووە، منداڵەکانم بە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە و سواڵ دەکەن، ئەگەر گورچیلەکەم نەفرۆشم، دەبێت کچە یەک ساڵانەکەم بفرۆشم.