لە هەولێر دەستڕێژی گولـلـە لە دوو کەس دەکرێت

شوێنی رووداوەکە | وێنە: ئازەر فاروق - کوردستان24
شوێنی رووداوەکە | وێنە: ئازەر فاروق - کوردستان24

K24 - هەولێر

لە شەقامی 100 مەتریی هەولێر نزیک گەڕەکی 32 پارک دەستڕێژی گولـلـە لە دوو کەس کرا؛ یەکێکیان کوژراوە و ئەوەی دیکەشیان بریندارە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی ئایاری 2023، ئازەر فاروق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، نزیکەی کاتژمیر 12:00ـی نیوەڕۆ لە سەر شەقامی 100 مەترییی هەولێر، نزیک گەڕەکی 32ـی پارک، دەستڕێژی گولـــلــــە لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکئاپ کرا کە دوو سەرنشینی تێدا بووە، یەکێکیان کوژراوە و ئەوەی دیکەشیان بریندارە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، کوژراورکە ناوی (ش. خ.)ـە، تەمەنی 47 ساڵە، خێزاندارە و شەش منداڵی هەیە. برینداری رووداوەکەش ناوی (س.ا.)ـە، تەمەنی 32 ساڵە، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی هەولێر کراوە و ئێستا لە ژووری نەشتەرگەریدایە.  

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو هاووڵاتییانەی تەقەیان لێکراوە خەڵکی سۆرانن و پێشمەرگەی زێرەڤانین.

یەکێک لە شایەدحاڵەکانی رووداوەکە قسەی بۆ پەیامنێری کوردستان24 کردووە و ئاماژاەی بەوەکرد، زیاتر لە 10 گولـلــە بەو ئۆتۆمبێلەوە نراون و لەو کاتەوەی لایتی ترافیک لاییتی شەقامی 100 مەتری سوور بووە و ئۆتۆمبێلەکە وەستاوە، تەقە لەو دوو هاووڵاتییە کراوە.

تا ئێستا هۆکاری رووداوەکە ئاشکرا نەبووە و هێزە ئەمنییەکان پەڕاوی لێکۆلینیەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە. 

Fly Erbil Advertisment