شەڕی سوودان کێشەی بۆ ژنانی دووگیان دروستکردووە

K24 - هەولێر
شەری سوودان ژنانی دووگیانی ئەو وڵاتەی ناچارکردووە کە بەسەختی روو لە نەخۆشخانە و کلینیکەکان بکەن، زیاتر روو لەو "مامانە" دەکەن بۆ ئەوەی لە ماڵەوە کۆرپەکانیان لەدایک ببێت.
ئامینە ئەحمەد، پیشەی مامانە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رایگەیاند: پەیوەندییەکی بەپەلەی لە ژنێکی دووگیانەوە پێگەیشتووە کە پێی گوتووە خەریکە دەمرێت، ئەویش لە نیوەی شەودا گەیشتە ماڵەکە، دواتر تێگەیشت کە کۆرپەکە لە کەناڵی لەدایکبوونی دایکەکەدا گیر بووە. بەڵام هیچ ئامبولانس و تەکسییەک نەبوو بۆ ئەوەی بیباتە نەخۆشخانە.
مامانە تەمەن 42 ساڵەکە دەڵێت: دوای چەند کاتژمێرێک، هاوکاری ئەو ژنە دەکات بۆ ئەوەی سواری ماتۆڕسکیلێک بێت و بەپەلە دەیباتە کلینیکێکی نزیک، دواتر توانی کچەکەی لەدایک ببێت.
شەڕی سوودان ژنانی دووگیانی لە سەرانسەری وڵاتەکەی ناچارکردووە خۆیان لە بۆردومان بپارێزن و بەناو خاڵەکانی پشکنیندا بڕۆن بۆ ئەوەی بگەنە ئەو نەخۆشخانانەی کە بەشی منداڵبوون تێدا بە کراوەیی ماونەتەوە.
رۆژی شەممەی رابردوو، هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئاگربەستی حەوت رۆژە، کە ئێوارەی رۆژی دووشەممەی رابردوو، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پزیشکان و کارمەندانی فریاگوزاری دەڵێن دۆخی سوودان کە یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی ئەفریقا بەرەو کارەساتێکی مرۆیی دەڕوات. پێشتر سوودان یەکێک بووە لە بەرزترین رێژەی مردنی دایکان لە جیهاندا پێش ئەوەی شەڕەکە سەرهەڵبدات.
بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار ئافرەتی سوودان دووگیانن، لەنێو ئەو کەسانەی زۆرترین پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، 29 هەزار ژن هەن کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتوودا منداڵیان ببێت، بەپێی ئامارەکانی سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان. لانیکەم 4300 ژن مەترسی مردنیان لەسەرە و پێویستیان بە چاودێری بەپەلەی منداڵبوون هەیە.
دکتۆر محەممەد فاتح ئەلرحمان، پزیشکی منداڵان و بەڕێوەبەری گشتی "نەخۆشخانەی نەدا" لە ئوم درمان، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا رایگەیاند: "دایک و باوکێک بە ئۆتۆمبێل بە ناو شەڕدا دەڕۆیشتن بۆ ئەوەی بگەنە لای ئێمە، وەک ئەوە وابوو لە ئەرکی خۆکوژیدا بن".
ئاماژەی بەوەشکرد، ژنێکی دووگیان دوای ئەوەی چەند کاتژمێرێک لە بازگەیەکدا لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا راگیرابوون، بەداخەوە لە کاتی خۆیدا نەگەیشتە دەستمان و منداڵەکەش لە ژیاندا نەما.
پزیشکانی بێ سنوور بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، ئەو قەیرانەی سوودان کاریگەری لەسەر ژنانی دووگیان هەیە، ئەمەش هێمای داڕمانی سیستەمی تەندروستی گشتی یە لە سەرانسەری سوودان.
ئەدیف جۆزێف ئیگێ سیریکی، راوێژکاری جیهانی بۆ تەندروستی سێکسی و زاوزێ لە دەستەی پزیشکی نێودەوڵەتی کە راهێنان بە کارمەندانی چاودێری تەندروستی دەکات لە سەرانسەری سوودان دەڵێت: "ئەم قەیرانە تەنها خراپتر دەبێت".
سیریکی دەڵێت: "منداڵانی پێشوەختە ئەگەری تووشبوونیان بە کەموکوڕی زیاترە، لەوانە کەمئەندامی هزری، ئیفلیجی مێشک و تێکچوونی بیستن و بینین".
پێش ئەوەی ململانێی نێوان ئەو دوولایەنە سەرهەڵبدات، سوودان سیستەمێکی تەندروستی باشی نەبوو، بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، رێژەی مردنی دایکان لە سوودان نزیکەی 270 حاڵەتی مردنە لە هەر 100 هەزار منداڵێک، لە کاتێکدا لە ئەمەریکا 21 مردنە لە هەر 100 هەزار منداڵێک.
لە شاری خەرتوم کە نزیکەی 10 ملیۆن کەسی تێدایە، ئێستا نزیکەی 60%ی دامەزراوە تەندروستییەکان داخراون، بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها 20%ی بە تەواوی کاردەکەن.
رانیا حەسەن، سەرۆکی تیمی تەندروستی لەدایکبووان لە سوودان گوتی: "ئەم ژنانە تادێت دەبنە هێڵێکی ژیانی گرنگ بۆ ئەو ژنانەی کە لە ماڵەوە گیریان خواردووە".
مامانەکان بەسەر شار و گوندەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دەچنە ناو ماڵی ژنان بۆ منداڵبوون و تازەلەدایکبوو و زۆرجار وەڵامی داواکارییەکانی گرووپەکانی چاتی گەڕەکەکان یان هێڵی گەرمی فریاگوزاری دەدەنەوە.