بەرپرسێکی هیندستان بەهۆی مۆبایلەکەیەوە بەنداوێک بەتاڵ دەکات

وێنەی بەنداوەکە
وێنەی بەنداوەکە

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی حکومەتی هیندستان لە کارەکەی دوورخرایەوە، دوای ئەوەی فەرمانی دا بە وشککردنی  بەنداوی ئاوێک بۆ دەرهێنانی مۆبایلەکەی کە کەوتبووە ناو ئاوەکەوە.

وشککردنی بەنداوەکە سێ رۆژی خایاند، تا ملیۆنان لیتر ئاو لە بەنداوەکە دەربهێنرێت، دوای ئەوەی مۆبایلەکەی لەکاتی سێڵفی گرتندا لە دەستی "راجیش ڤیشواس" کەوتە خوارەوە.

ڤیشواس بانگەشەی ئەوەی کردووە کە مۆبایلەکەی داتای هەستیاری حکومەتی تێدایە، پێویستە وەریبگرێتەوە، بەڵام رووبەڕووی تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی بووەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی "بی بی سی"، راجیش ڤیشواس، پشکنەری خۆراکە مۆبایلەکەی لە جۆری سامسۆنگ بووە، لە بەنداوی خیرکاتا، لە ویلایەتی چاتیسگار لە ناوەڕاستی هیندستان لەدەستی کەوتووەتە خوارەوە.

ئەو بەرپرسەی حکومەتی هیندستان رایگەیاندووە، دوای ئەوەی غەواسە ناوخۆییەکان نەیانتوانیوە مۆبایلەکە بدۆزنەوە، ناچار بووە پارەی پەمپێکی دیزڵ بدات کە هێنراوە بۆ شوێنەکە. دواتر پەمپەکە بۆ چەند رۆژێک بەردەوام بوو لە کارکردن و نزیکەی دوو ملیۆن لیتر ئاوی بەتاڵکرد.

پریانکا شوکلا، بەرپرسێکی ناحیەی کانکەر لە راگەیەندراوێکدا بۆ رۆژنامەی "زە ناسیۆناڵ"ی هیندستان رایگەیاندووە، ئەو بەرپرسە راگیراوە تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن. ئاو سەرچاوەیەکی جەوهەرییە و ناتوانرێت بەم شێوەیە بەفیڕۆ بدرێت.

ڤیشواس رەتیکردەوە پۆستەکەی بە خراپ بەکارهێنابێت و گوتی: ئەو ئاوەی کە بەتاڵ کراوە لە بەشی سەرڕێژبوونی بەنداوەکەوە بووە.