عومان و ئێران لێکۆڵینەوە لە بوارەکانی وزە و کانزاکان دەکەن
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، سەڵتەنەی عومان و ئێران بە مەبەستی کاراکردنی رێککەوتنە دوو قۆڵییەکان کە لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراون، هاوکار دەبن.
بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی پەرەپێدانی هاوکارییەکان لەنێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاکان، لەوانە نەوت و گاز و وزەی نوێبووەوە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و کەشتیوانی دەریاییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "دامەزراندنی پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان بەندەرەکانی عومان و ئێران"، هەروەها سەڵتەنەی عومان و ئێران لێکۆڵینەوە لە هاوکارییەکانی وزە و کانزاکان دەکەن.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی سەڵتەنەی عومان هاتووە، "سالم بن ناسر عوفی، وەزیری وزە و کانزاکانی عومان لەگەڵ جەواد عوجی، وەزیری نەوتی ئێران کۆبووەتەوە و پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کێڵگەی "هێنگام- باخا"و هەناردەکردنی گاز بۆ عومان تاوتوێ کرد".