حەوت جۆر سەرپێچی هاتووچۆ لە سعوودیە بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێن

سعوودیە
سعوودیە

K24 - هەولێر:

ئاسایشی گشتیی سعوودیە رایگەیاند، حەوت جۆر سەرپێچی هاتووچۆ ئۆتۆماتیکی بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێن.

ئاژانسی هەواڵی سعوودیە (واس) بڵاویکردەوە، لیوا محەمەد بن عەبدوڵڵا ئەلبەسامی، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی سعوودیە رایدەگەیەنێت، لە یەکشەممەی داهاتووەوە، حەوت جۆر سەرپێچی هاتووچۆ بەشێوەی ئەلیکترۆنی چاودێری دەکرێن و ئۆتۆماتیکی تۆمار دەکرێن.

ئاژانسی هەواڵی سعوودیە ئاماژەی بەوەدا، سەرپێچییەکان ئەمانە دەگرێتەوە، " لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە قەراغی شەقامەکان و لەسەر شۆستەکان یان ئەو هێڵانەی کە رێگری لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل دەکەن، هەروەها بەکارنەهێنانی لایتی پێویست لە کاتی شۆفێریکردن لە شەودا یان لە بارودۆخی کەشوهەوای ناجێگیردا کە توانای بینین لەئاستی پێویستدا نییە".

هاوکات سەرپێچییەکان ئەمانەش دەگرێتەوە: "لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ئامێرە قورسەکان لە هێڵی راست لەسەر رێگای فرە هێڵ، سەرپێچیکردنی رێساکانی هاتوچۆی رێگاوبان، لێخوڕینی ئۆتۆمبێلێک بە تابلۆی ناڕوونەوە، دەربازبوون لە وێستگەیەک کە بارستایی بارهەڵگرەکان دەپێوێت و وەستانی ئۆتۆمبێل لە شوێنە قەدەغەکراوەکاندا".

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەشی هاتووچۆی گشتی و هێزە تایبەتەکانی ئاسایشی رێگاوبان چاودێری ئەم سەرپێچییانە دەکەن، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ و سەلامەتی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی رەفتاری هەڵە لەسەر رێگا گشتیەکانی ناوەوە و دەرەوەی شارەکان.