رووسیا سیناتۆرێکی بەناوبانگی ئەمەریکای خستە لیستی داواکراوان

لیندسی گراهام
لیندسی گراهام

K24 - هەولێر

میدیاکانی رووسیا بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی رووسیا "لیندسی گراهامی" سیناتۆری ئەمەریکی خستووەتە لیستی داواکراوەکانەوە.

نووسینگەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گرتەیەکی مۆنتاژکراوی دیداری نێوان زێلێنسکی و سیناتۆر لیندسی گراهامی بڵاوکردەوە.

گراهام لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوت و گوتی: "رووسەکان دەمرن"، ئاماژەی بەوەشکرد، پشتگیری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا "باشترین پارەیە کە تا ئێستا خەرجمان کردووە".

دوای ئەوەی ئۆکرانیا تۆماری ڤیدیۆیی تەواوی دیدارەکەی بڵاوکردەوە، رووسیا رەخنەی لەو لێدوانانە گرت و دەریخست ئەو دوو لێدوانە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نییە.

بەرپرسانی لێکۆڵینەوەی رووسیا رایانگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی تاوانکارییمان بۆ لێدوانەکانی "لیندسی گراهام" کردووەتەوە.

لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆماریخوازەکانە لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور، پێشتر بانگەشەی بۆ زیادکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا لە دژی رووسیا کردووە.

پێشتر رووسیا دەیان بەرپرس و سیاسەتمەداری ئەمریکای خستووەتە لیستی داواکراوان و رێگری لە هاتنە ناوەوەیان بۆ وڵاتەکەی کردووە. بەڵام هەوڵی دەستگیرکردنی هیچ بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکای نەداوە کە تا ئێستاش لە پۆستەکەیدای بێت.