قاسم ئەعرەجی بەرەو تاران بەڕێکەوت

K24 - هەولێر
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە سەردانێک بەرەو تاران بەڕێکەوت کە لە میانیدا بۆ تاوتوێکردنی رێوشوێنەکانی پاراستنی سنووری ھەردوو وڵات لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئێراندا کۆدەبێتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، قاسم ئەعرەجی بەسەرۆکایەتیی شاندێکی ئەمنی بەرەو تاران بەڕێکەوتووە.
ئاماژە بەوەش دراوە، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە میانی سەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئێراندا کۆدەبێتەوە.
هەر لەو راگەیەندراوەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە میانی کۆبوونەوەکانی قاسم ئەعرەجی و بەرپرسانی باڵای ئێراندا، رێوشوێنەکانی پاراستنی سنووری ھەردوو وڵات تاوتوێ دەکرێت.
لە 19ـی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پرۆتۆکۆلێکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژوو کرا کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بە نوێنەرایەتیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە نوێنەرایەتیی ئێران واژوویان کرد.