پارێزگاری دارفۆر: داوا لە هاووڵاتییان دەکەم چەک هەڵگرن
K24 - هەولێر
پارێزگاری هەرێمی دارفۆر و سەرکردەی پێشووی یاخیبووانی سوودان، مینی میناوی، داوای لە سودانییەکان لە دارفۆر کرد "چەک هەڵبگرن" لەپێناو پاراستنی خۆیان و ماڵ و موڵکی خۆیان، بەهۆی ئەو پشێوی و ئاژاوەگێڕییەی لە ئەنجامی شەڕی سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا هاتووەتە ئاراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی ئایاری 2023، مینی میناوی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، "داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەم، خەڵکی دارفۆر، پیر و گەنج، ژن و پیاو، چەک هەڵبگرن بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی خۆیان".
میناوی دەشڵێت: "هێرشەکان بۆ سەر هاووڵاتییان چەند هێندە زیادی کردووە، زۆرێکیان سەلامەتی و مافی هاووڵاتیانیان ناوێت، بە ئەنقەست دامەزراوە نیشتمانییەکان تێکدەدەن".
گوتیشی: "ئێمە وەکو بزووتنەوەی رزگاریخواز لە هەموو حالەتێکدا بەرگری دەکەین".
میناوی، سەرۆکی بزووتنەوەی رزگاریخوازی سوودان، لە مانگی ئایاری 2021دا، وەک پارێزگاری دارفۆر دەستنیشانکرا.
لە 15ی نیسانی 2023، شەڕی نێوان سوپا بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد حەمدان دەگڵۆ، سەری هەڵداوە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لەهەزار کەس و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش لە ناوخۆ ئاوارەبوون، هەروەها زیاتر لە 300 هەزار کەسیش بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون .
بەگوێرەی داتاکانی ACLED ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە گەیشتووەتە هەزار و 800 کەس، کە زۆربەیان لە پایتەخت و لە شاری ئێل جنێنای پایتەختی دارفۆری رۆژئاوا کوژراون.