ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی پارێزگاری بانکی لوبنان دەکات

ریاز سەلامە
ریاز سەلامە

K24 - هەولێر

سەرچاوە دادگاییەکانی لوبنان بڵاویانکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هاتووەتە سەر خەت بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی پارەی پارێزگاری بانکی لوبنان "ریاز سەلامە"، هاوکات دادوەرانی بەیروت چاوەڕوانی دەستگیرکردنی سەلامەن لەلایەن ئینتەرپۆلی نێودەوڵەتییەوە.

سەرچاوەیەکی دیاری دادوەری بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، گرنگیدان بە دۆسیە داراییەکانی سەلامە، سەرنجی دەسەڵاتی دادوەری بۆ لای خۆی رادەکێشێت، بەتایبەت خێراکردنی لێکۆڵینەوەکانی ئەوروپا، ئەمەش دوای ئەوەی لوبنان ئاگادارکرایەوە کە پارێزگارەکەی بانکی لوبنان هەژماری لە 17 وڵات هەیە لەوانە ئەمەریکا و مۆناکۆ و وڵاتانی ئەفریقیا.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، “ئەم پێشهاتانە هاوکات بوون لەگەڵ لێدوانێکی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە هەفتەی رابردوودا، کە تیایدا داوای لە حکومەتی لوبنان کرد کە کەسایەتییەک بۆ سەرۆکی بانکی لوبنان لەبری سەلامە دیاری بکات".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا، دەسەڵاتی دادوەری ئەو دەسەڵاتەی نییە کە سەلامە لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، چونکە ئەم بابەتە دەکەوێتە سەر حکومەت یان ئەوکەسە بەخۆی بڕیار بدات پێش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی دەست لەکاربکێشێتەوە.

 لە کۆتایی مانگی تەمموزی داهاتوودا. و جەختی لەوە کردەوە کە دەسەڵاتی دادوەری “چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەیە لەو تاوانانەی کە  سەلامەی پێ تۆمەتبارکراوە،  ئەگەر سەلمێنرا کە راستە، ئەوا رووبەڕووی دادگاییکردنێکی درێژخایەن دەبێتەوە.

سەلامە هەفتەی رابردوو، لەبەردەم دادوەر عیماد کاپلان، پارێزەری گشتی تێهەڵچوونەوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، کە ماوەی کاتژمێرێک و 20 خولەکی خایاند.

هێزەکانی لوبنان و وەزیرەکانی لوبنان داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەلامە لە پۆستەکەی دەکەن، ئەمەش پێش ئەوەی لە 31 تەمموزدا ماوەی خولەکەی کۆتایی پێبێت.

ئۆپۆزسیۆنی لوبنان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، حکومەتی چاودێر "تاوەکو ئێستا شکستی هێناوە لە دۆسیەی پارێزگاری بانکەکە، ریاز سەلامە، کە لەلایەن دادگاکانی فەرەنسا و ئەڵمانیاوە تۆمەتبار کراوە بە گەندەڵی.

دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی پاریزگاری بانکی ناوەندی لوبنان" ریاز سەلامە" لەلایەن فەرەنساوە، داواکاری گشتی، دادوەر غەسان عویداتی ئاگادارکرایەوە، کە فەرمانی دەستگیرکردنی سەلامە لەلایەن ئەڵمانیاوە دەرچووە، هەروەها داواکاری گشتی میونشن ئەم فەرمانەی لە رێگەی ئینتەرپۆلەوە بڵاودەکاتەوە.