وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، ئێران بە دەستوەردان لە جەنگی ئۆکرانیا تۆمەتبارده‌كات

ئاڵای ئیسرائیل و ئێران
ئاڵای ئیسرائیل و ئێران

K24 - هەولێر:

ئێلی کۆهێن وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێرانی بە دەستوەردان لە جەنگی ئۆکرانیا، تۆمەتبارکرد.

کۆهێن لە میانەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ زاگرێبی پایتەختی کرواتیا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، گۆردان گرلیچ رامدان، کۆبووەوە.

هەردوو وەزیر دوای کۆبوونەوەکەیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد.

لای خۆیەوە کۆهێن باسی لەوە کرد، ماوەیەک بەر لە ئێستا سەردانی ئۆکرانیای کردووە و پشتیوانی بۆ یەکپارچەیی و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە دووپاتکردووەتەوە.

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لە جەنگی ئۆكرانیا و رووسیا جێ پەنجەی ئێران بەدیدەکرێت، گوتیشی: "حکومەتی ئێران نەک تەنیا بۆ ناوچەکە، بەڵکو بۆ ئەوروپا و هەموو جیهان بووەتە کێشە، تا ئێستا تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی هەوڵدەدات و گەورەترین پشتیوانی تیرۆرە لە جیهاندا".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتیشی: "داوا لە دۆستانمان لە کرواتیا و یەکێتی ئەوروپا دەکەین، پشتیوانیمان لە ئیدانەکردنی ئەم چالاکییانە بکەن و هەڵوێستێکی جددی بخەنەڕوو دژ بە رەفتارە مەترسیدارەکانی ئێران".

ئێلی کۆهێن، ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەگەڵ گرلیچ رامدان باسیان لە وەبەرهێنان و هەماهەنگییە ئابوورییەکانی نێوان کرواتیا و ئیسرائیل کردووە، ئاماژەی بەوەشدا کە کرواتیا یەکێکە لە "دڵخوازترین شوێنەکان" بۆ گەشتیارانی ئیسرائیلی.

کۆهێن، سوپاسی کرواتیای کرد بۆ ئەو پشتیوانییەی لە کۆڕبەند و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا پێشکەشی ئیسرائیلی کردووە، گوتیشی: "بەهێزکردنی دۆستایەتی و پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونەکانی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل".

ناوبراو، ئاماژەی بەوەشدا کە گرلیچ رامدان ئەوەی پێڕاگەیاندووە، کرواتیا پلانی وایە لە دەنگدانەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا پشتیوانییەکانی بۆ ئیسرائیل بەهێزتر بکات.

وەزیری دەرەوەی کرواتیاش جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەکەی لە "ئاستێکی نایابدا"یە و لە نێوان ئاژانسی هاوکاری نیشتیمانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل و ئاژانسی هاوکاری ئیسرائیل، رێککەوتننامەیەک واژۆ کراوە.

کۆهێن لە دوای تێپەڕێنی 12 ساڵ یەکەم وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلە کە سەردانی زاگارێبی کردبێت.

Fly Erbil Advertisment