عەبدولحەکیم خەسرۆ: گۆڕانکارییەکانی بودجە زیان بە هەرێمی کوردستان و مووچەخۆران دەگەیەنێت

عەبدولحەکیم خەسرۆ, سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون
عەبدولحەکیم خەسرۆ, سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون

K24 - هەولێر:

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، رایدەگەیەنێت، واژووکردن لەسەر گۆڕانکاری ماددەکانی به‌شه‌ بودجەی هەرێمی کوردستان، دژی رێککەوتنی هەولێر و بەغدایە. ده‌شڵێت: "زیانێکی زۆریش بە هەرێمی کوردستان و مووچەخۆران دەگەیەنێت".

عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، لە یاسای بودجەی 2021ـی عێراق، پێنج ترلیۆن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکرابوو.

هەروەها راشیگەیاند، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقی  وردبینی کرد لە گشتی میلاکی هەرێمی کوردستان، دوای وردبینیکردن لە گشت خەرجیەکانی هەرێم کە پێویستە نۆ ترلیۆن بۆ موچەی فەرمانبەران بنێردرێت، بە واتەی ئەوەی لە یاسای بودجەی 2023دا نۆ ترلیۆن 300 ملیار دینار زامنکراوە.

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەشکرد، مووچەی خانەنشینی و کاروباری کۆمەڵایەتی یەک ترلیۆن و 300 ملیار دینار  لە پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق زامنکراوە.

روونیکردەوە، لە ساڵی 2022، دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقی، پێداچوونەوەی بە گشت میلاکی وەزیفی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد، هیچ تێبینییان لەسەر نەبوو و بێ کێشە کۆتاییهات، بەڵام ئەو بەرێزانە دووبارە واژوویان کرد کە گشت میلاکاتی هەرێمی کوردستان پاکتاوبکرێت، کە ئێمە لە 2022 ئەمەمان کۆتایی پێهێنا.

عەبدولحەکیم خەسرۆ، گوتیشی:"ئەو بەڕێزانەی کە واژوویان لەسەر ئەم گۆڕانکارییە كرد، زۆر بێ ئاگابوون لەو هەماهەنگیەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە داوای 10 هەزار پلەی وەزیفیشمان لە حکومەتی عێراق کردبوو.

هەروەها گوتیشی، ئێمە زەمانەتی ئەوه‌مان کردبوو، كه‌ داهاتی موچەخۆران کە بەغدا لە 2014ـەوە نەیناردووە، هەمووی بداتەوە مووچەخۆران و دووبارە خەرجی بکاتەوه‌، ئەوانیش رازی بوون و جێگیریان کرد، حکومەتی هەرێم داوا دەکات هەموو ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم زامن بکرێت بە رێگای بڕگەی یەکەم لە مادەی 13 کە ئەولەویەت بدرێتە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستا گشت مافەکان بگەرێندرێنەوە.

ئەو بەرپرسەی حکومەت، دووپاتیکردەوە، ئێمە 4 ترلیۆن دینارمان بۆ مووچەی مووچە خۆران زیادكرد.

لەبارەی مووچەی پاشەکەوتکراوەکان، عەبدولحەکیم خەسرۆ، گوتی:"دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمابەران بەشێکە لە پلانی حکومەتی هەرێم لە بودجەی عێراقیش پەسەندمان کردووە، هەروەها گوتوومانە پیویستە گشت پاشەکەوت و مووچەی فەرمابەرانی هەرێم بدرێتەوە و جێگیرمان کردووە، دواتر حکومەتی ناوەندی، دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی عێراقیش پەسەندی کردووە.

هەروەها گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بە بەرپرس دەزانێت بەرامبەر بە زامنکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment