هاووڵاتییەکی سعوودی لە لوبنان رفێندرا

لوبنان
لوبنان

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆی لوبنان، رایگەیاند، هاووڵاتییەکی سعوودی لە بەیروت رفێندراوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر پەیوەندیەکانمان دەبێت.

بەسام مەولەوی، وەزیری ناوخۆی لوبنان لە تویتێکدا رایگەیاند: "لە دوێنێوە لەگەڵ بەشی زانیاری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەدواداچوون دەکەین بۆ پرسی رفاندنی هاووڵاتییەکی سعوودی لە بەیروت"، هەروەها وەزارەتەکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەلید ئەلبوخاری باڵیۆزی سعوودیە لە لوبنان بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.

مەولەوی لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: ئەوەی روویدا کاریگەری لەسەر پەیوەندی لوبنان لەگەڵ سعوودیە هەیە، تاوانبارانیش بە توندی سزا دەدرێن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی لەبەردەستدایە ئاماژە بەوە دەکەن، کە هاووڵاتییە سعوودییەکە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بە جلوبەرگی کارمەندانی ئاسایشەوە بە ئۆتۆمبێلێک لە کەناری ئاوی بەیروت رفێندراوە، کە لە چێشتخانەیەکدا بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رفاندنەکە بەشێوەیەکی پیشەیی ئەنجامدراوە، بە شێوازێک کە بۆ یەکەمجارە لەدوای شەڕی ناوخۆوە (1975-1990) ئەنجامدراوە.

میدیاکانی سعوودیە بڵاویانکردەوە، کە ریاز داوای لە ستافی دیپلۆماسی خۆی لە لوبنان کردووە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

باڵیۆزخانەی سعوودیە لە لوبنان لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، "پەیوەندییەکیان لە بنەماڵەی هاووڵاتییەکەوە پێگەیشتووە کە لە رۆژی یەکشەممەوە پەیوەندیان لەگەڵ ئەندامێکیان نەماوە".

کەناڵی هەواڵی سعوودیە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هاووڵاتییەی رفێندراوە لە هێڵی ئاسمانی سعوودیە کاردەکات، هەروەها رفێنەرەکان داوای پارەیان کردووە.

دوایین رووداوی هاوشێوە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تەممووزی ساڵی 2022، کاتێک کەسێکی سعوودی لە کاتی گەیشتن بە فڕۆکەخانەی بەیروت رفێندرا.

دوایین رووداوی هاوشێوە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی تەممووزی ساڵی 2022، کاتێک کەسێکی سعوودی لە کاتی گەیشتن بە فڕۆکەخانەی بەیروت رفێندرا.

Fly Erbil Advertisment