بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاسپۆرتی هەڵەبجە رەتیدەکاتەوە کار لەنێو فەرمانگەکەیاندا وەستابێت

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاسپۆرتی هەڵەبجە لەبارەی گرژییەکانی بەیانی ئەمڕۆی نێو فەرمانگەکەدا دەڵێت، کێشەکەیان چارەسەرکردووە، بە شێوەیەکی ئاسایی کار لە نێو فەرمانگەکەدا بەڕێوەدەچێت و کاروباری هەر هاووڵاتییەک بەپێی نۆرەکەی بەڕێدەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی ئایاری 2023، سالار سەردار رەشید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاسپۆرتی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک هاووڵاتیی لە نێو فەرمانگەکەدا "بەبێ ڕەچاوکردنی رێنماییەکانی فەرمانگەکە، لەخۆیانەوە نۆرەیان گرتبوو و فایلیان کۆکردبووەوە " ئەمەش وایکرد کەمێک گرژی و ئاڵۆزی لەنێو فەرمانگەکەدا دروست ببێت.
بەگوتەی سالار سەردار رەشید، کاری فەرمانگەکە نەوەستاوە، هەر هاووڵاتییەک لە نۆرەی خۆیدایە و کاروبارەکانیان بەڕێدەکرێت. گوتیشی، "ئەو فایلانەی هاووڵاتییان کە زەربیان لێدراوە، بۆ ئەوە بووە ئەو هاووڵاتییانە بەیانی بێن کاروبارەکانیان بەڕێبکەن. نەک بەو مانایەی بەهیچ شێوەیەک کار بە فایلەکانیان ناکرێت، بەڵکوو نەمانەویست ئەمڕۆ قەرەباڵغی دروست ببێت. کە بەیانی هاتن نۆرە ناگرن، بەڵکوو دەستبەجێ دەچنە ژوورەوە".
بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی هەڵەبجە رۆژانە نزیکەی کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیانی لە فەرمانگەی پاسپۆرتی ئەو شارە نۆرە دەگرن. لەوبارەوە سالار سەردار رەشید گوتی: نازانم بۆ لەو کاتە زووەدا نۆرە دەگرن. لە بەشێکی زۆری هاووڵاتییان دەپرسم ئێستا پاسپۆرتان بۆ چییە؟ دەڵێن، "بیستوومانە نرخی ئەو پاسپۆرتە نوێیەی کە دێت گرانترە لەوەی کە ئێستا هەیە، بۆیە دەمانەوێت ئەوەی ئێستا هەیە دەربێنین" واتا بەشێکی زۆری هاووڵاتییان ئیشیان بە پاسپۆرت نییە و قەرەباڵغیش دروست دەکەن.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاسپۆرتی هەڵەبجە ئاماژەی بەوشەکرد، کێشەی کەمی ژمارەی دەفتەری پاسپۆرتیان هەیە، ژمارەیەکی کەم لەو دەفتەرانە لە عێراقەوە بۆیان دەنێردرێت و، "بەشی هەموو هاووڵاتییان ناکات، بەشی بەس ئەوانە دەکات کە حاڵەتی پێویستییان هەیە، وەکو گەشتکردن، نەخۆش و ئەنجامدانی فەریزەی حەج".