وەبەرهێنەران سوودان جێدە‌هێڵن

دیمەنێکی شەڕ و پێکدادانەکان لە سوودان، لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا | وێنە: Marwan Ali / AP
دیمەنێکی شەڕ و پێکدادانەکان لە سوودان، لە نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەکانی پشتیوانی خێرا | وێنە: Marwan Ali / AP

K24 - هەولێر

گرووپی کۆمپانیاکانی حەجاری سوودانی، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیای وەبەرهێنانی وڵاتەکە، راگرتنی کارەکەی لەو وڵاتە راگەیاند و سەرجەم کارمەندەکانی لە کارەکانیان دوورخستەوە، کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە دەست پێدەکات، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو شەڕەی لە سوودان سەری هەڵداوە.

شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، زیانێکی زۆری بە ئابووری و وەبەرهێنانی وڵات گەیاندووە، بەو پێیەی سەدان کۆمپانیا و دامەزراوە و کارگە تاڵان کراون تێکدراون یان سووتێندراون، لەنێویاندا وەبەرهێنانی گەورە، وەک گرووپی "دال" کە خاوەندارێتی بۆ بازرگانی بەناوبانگ ئوسامە داود، و گرووپی "سی تی سی" کە بازرگان ئەمین عەبدول لەتیف، خاوەندارێتی دەکات.

ئەنتۆنی ئەنیس حەجار، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی (حەجاڕ) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "دوای پشکنینی هەموو بژاردەکان و لەسەر بنەمای بەردەوامی دۆخی نا ئاسایشی وڵات، دەستەی بەڕێوەبەرایەتی بڕیاریداوە هەموو کاروبار و وەبەرهێنانێک لە سوودان رابگرێت".

لەئێستاوە تا دوای 30ی حوزەیرانی 2023، کۆمپانیای حەجار، هەموو کارمەندانی گروپەکەی لە کارکردن رادەگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ناچار بووین ئەم رێوشوێنە بگرینەبەر، تا ئەو کاتەی بارودۆخەکان رێگە بە کارکردن دەدەن و کاروبارەکان دەگەڕێنەوە باری ئاسایی خۆیان، چونکە سەلامەتی کارمەندەکانمان دەخەینە ئەولەویەتی سەرەکی کارکردنەوە.

وەستانی کارەکانی گرووپی "حەجاڕ" ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئابووری سوودان تا چەند کەوتۆتە ژێر کاریگەری شەڕی سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشبینی دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانەکان ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن و هەڵبێن بۆ دەرەوەی وڵات.

گرووپی حەجار لە ساڵی 1904ەوە لە سوودان دامەزراوە، خاوەندارێتی لەلایەن "ئەنیس جۆرج حەجار"ی سودانییەوەیە،  لە بوارە جیاوازەکانی وەبەرهێناندا کاردەکات، وەک کشتوکاڵ، وزە، تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی و ئەندازیاری، هەروەها چەندین کۆمپانیا دیکە سەر بەو کۆمپانیایەن.

ئەو گرووپە بەناوبانگ بوو بە خاوەندارێتی کارگەی تووتنی حەجار لە سوودان و باشووری سوودان، هەروەها جگە لە سوودان لە شەش وڵاتی ئەفریقیا کاردەکات و سەروەت و سامانەکەی بە ملیۆنان دۆلار مەزەندە دەکرێت.