وەزیری ناوخۆی عێراق و بەرپرسی پۆلیسی ئێران کۆمەڵێک پرسی هاوبەشیان تاوتوێکرد
K24 - هەولێر
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، لەگەڵ بەرپرسی پۆلیسی ئێران کۆبووەوە و کۆمەڵێک بابەتی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، لە سەردانەکەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ عەلی رەزا رادان، بەرپرسی پۆلیسی ئێران کۆبووەوە"، لە میانی دیدارەکەدا کۆمەڵێک بابەتی گرنگ تاوتوێ کران، لەوانە دەستەبەرکردنی کەش و هەوای گونجاو بۆ هاووڵاتیانی هەردوو وڵات و سەردانیکەران، بەتایبەت لە بۆنە ئاینییەکان.
لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە ئاڵوگۆڕی داواکراوان کردووە بۆ دەسەڵاتی دادوەری و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان".
وەڵامی لایەنی ئێرانی بۆ هەموو ئەو بابەتانەی کە لەم دیدارەدا تاوتوێکران، لەوانەش ئاڵوگۆڕی داواکراوان و دەستنیشانکردنی شوێنی دزەکردن و ئۆپەراسیۆنی قاچاغ لە سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی کۆنترۆڵکردنی ئەو بابەتانە کردەوە.