وەزارەتی شارەوانی: رێژەی بەستنی پێوەری ئاو گەیشتووەتە سەدا 82
K24 - هەولێر:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، رێژەی بەستنی پێوەری ئاو گەیشتووەتە 82% و بڕیاری لێخۆشبوونی كرێی بەستنی پێوەر تا 20 رۆژی دیكە بەردەوام دەبێت.
لە راگەیەندراوێکی ئەو وەزارەتەدا هاتووە: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەبەر بەرژەوەندیی گشتی ئەو هاوبەشانەی كە پێوەری ئاویان نەبەستووە، بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە بەشێكی زۆری كرێی بەستنی پێوەر و ئێستا رێژەی بەستنی پێوەر گەیشتووەتە 82% و بڕیارەكەش تا 21/6/2023 بەردەوام دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدرا، بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ژمارەی هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە 1,030,408 هاوبەش و ژمارەی ئەو هاوبەشانەی پێوەریان بەستووە بریتییە لە 850,330 هاوش، بە گشتی رێژەی بەستنی پێوەر تا ئێستا گەیشتووەتە 82% و بڕیاری لێخۆشبوونیش تا 20 رۆژی دیكە لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند، کرێی بەستنی پێوەر لە سەنتەری پارێزگەکان بۆ 20 هەزار دینار داشكێنراوە و لە قەزا و ناحیە و کۆمەڵگەکان و ئەو شوێنانەی كە پێویستە پیوەری لێ ببەسترێت بۆ 10 هەزار دینار داشكێنراوە.
فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو داوا لەو هاوبەشانەی ئاو دەكەن كە پێوەریان نییە، هەتا دەرفەت ماوە سەردانیان بكەن و مامەڵەی لێخۆشبوون لە كرێی بەستنی پێوەر بكەن.