ئەمەریکا سزای بەسەر کۆمپانیایەک و دوو بەرپرسی ئێرانیدا سەپاند
K24 - هەولێر
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر کۆمپانیایەکی ئێرانی و دوو بەرپرسی ئەو وڵاتەدا سەپاند بەهۆی تێوەگلانیان لە سەپاندنی سانسۆری ئینتەرنێت لە ئێران.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکادا هاتووە، سزایان بەسەر کۆمپانیایەکی ئێرانی و دوو بەرپرسی ئەو وڵاتەدا سەپاند، ئەو سزایانە بریتین لە کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ئێران کە بە "ئارڤان کلاود" ناسراوە و هەروەها کارمەندە باڵاکانی، هەروەها لقێکی کۆمپانیاکەش کە لە ئیماراتە کەوتووەتە بەر سزاکە، ئەمەش بەهۆی ئاسانکاری کردن بۆ حکومەتی ئێران تاوەکو سانسۆری ئینتەرنێت بکات.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کۆمپانیاکە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران هەیە، لەوانەش وەزارەتی ئیتلاعات و ئاسایش، کارگێڕانی کۆمپانیاکە پەیوەندییەکی بەرفراوانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران هەیە.
کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ رایگەیاندووە، ئەو دوو بەرپرسەی کۆمپانیاکە کە لە سزاکاندا بەشدارن بریتین، لە "پویا پیر حوسێن و فەرهاد فاتمی کە دامەزرێنەری کۆمپانیاکەن".
برایان نێڵسن، وەکیلی وەزیری گەنجینەی بۆ کارووباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی رایگەیاند: "دەستگەیشتن بە ئازادی و زانیاری مافێکی بنەڕەتی هەموو گەلانە بە ئێرانیشەوە، ئەمەریکا پابەندە بە لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە هەوڵی تێکدانی ئازادی رادەربڕین و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دەدەن، هەروەها سزادانی ئەو کەسانەی کە ئەم مافە لە هاووڵاتییانیان بێبەش دەکەن".
ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا لە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە چەندین سزایان بەسەر ئێراندا سەپاند.