سوودان.. دوای پێشێڵکردنی ئاگربەستی نێوان لایەنەکان شەڕ دەستیپێکردەوە

سەربازانی سووپای سوودان
سەربازانی سووپای سوودان

K24 - هەولێر

رۆژی هەینی، هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان، ئاگربەستی نێوانیان پێشێلکرد، جارێکی دیکە  دەستیان بەشەڕ کردەوە، هاوکات رۆژێک پێشتر، واشنتن سزای بەسەر هەردوو لایەنی ململانێکاندا سەپاند.

لە دەوروبەری بینای رادیۆ و تەلەفزیۆنی سوودان، لە گەڕەکی ئوم درمان شەڕێکی سەخت لەنێوان هەردوو هێز روویداوە، کە تێیدا چەکی قورسیان بەکارهێنراوە،

سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە شاری جەددە بە نێوەندگیری سعوودیە و ئەمەریکا ئاگربەستێکیان واژۆ کرد، بەڵام بە زوویی ئاگربەستەکەیان پێشێلکرد، شەڕیان دەستپێکردەوە، چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، کە سوپای سوودان بەنیازە هێرشێکی بەرفراوان ئەنجام بدات دژی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بۆیە لە دانوستانەکانی جەددە کشایەوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، سوپای سوودان رایگەیاند، کە بەشداریی خۆی لە دانوستانەکانی بۆ چەند هەفتەیەکدا راگرتووە و هێزەکانی پشتیوانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ئەرکەکانیان بەجێ نەگەیاندووە بۆ رێزگرتن لە ئاگربەستەکە وەک کشانەوە لە نەخۆشخانەکان و ماڵی دانیشتووای سوودان.

رۆژی هەینی، سوپا داوای لە سعوودیە و ئەمەریکا کرد بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان بۆ رازیکردنی لایەنی بەرامبەر بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئاگربەست و راگرتنی شەڕ،

ئاماژە بەوەشکراوە، کە "هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوام بووە لە ئەنجامدانی پێشێلکاریی دووبارەی ئاگربەست، جگە لەوەی جێبەجێنەکردنی هیچ کام لەو خاڵانەی کە لە رێککەوتنی جەددە واژۆ کرابوون، گرنگترینیان جێهێشتنی گەڕەکە نیشتەجێبوونەکانە، وازهێنان لە بەکارهێنانی هاووڵاتیانمان وەک قەڵغانی مرۆیی، و چۆڵکردنی نەخۆشخانەکان و دامەزراوە گشتییەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و سەنتەرەکان"، پۆلیس و کردنەوەی رێگاکان، ئەمەش وای لێکردین بڕیاری راگرتنی دانوستانەکان بدەین.

بەهۆی پێشێڵکردنی ئاگربەست و دانوستانەکانی جەددە، واشنتن، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سزای بەسەر کۆمپانیاکان و سنووردارکردنی ڤیزای چوونە ژوورەوە بۆ بەرپرسانی هەردوولادا سەپاند، هەروەها سزا ئابوورییەکانیش زۆرێک لە کۆمپانیاکانی کەرتی پیشەسازی، بەرگری و چەکسازی دەکەنە ئامانج، لەوانەش کۆمپانیای"ماستەر تەکنەلۆجیای سودان" کە پشتیوانی لە سوپا دەکات.

تاوەکو ئێستا بەهۆی شەڕەکەی سوودانەوە زیاتر لە هەزار و 800 کەس کوژراون و بەهەزاران کەسیش برینداربوون، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارەی ناوخۆ بوونە و نزیکەی 400 هەزاریش ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوونە.