هێزەکانی پشتیوانی خێرا: فڕۆکەیەکی سوپای سوودانمان خستە خوارەوە

فڕۆکەیەکی سوپای سوودان
فڕۆکەیەکی سوپای سوودان

K24 - هەولێر

هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایگەیاند، لە بەردەوامی شەڕو پێکدادانەکاندا، ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی سوپای سوودانیان لە جۆری "میگ" خستووەتە خوارەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە،4ی حوزەیرانی 2023، هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، فڕۆکەکانی سوپای سوودان بۆردوومانی ناوچەی بەحریان دەکرد، ئێمەش فڕۆکەکەمان خستە خوارەوە، کە لەجۆری "میگ" بوو.

هاوکات سوپای سوودان هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

لە بەردەوامی هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ، ریاز و واشنتن داوایان لە هەردوولا کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ.

تاوەکو ئێستا شاندەکانی هێزە چەکدارەکانی سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێشتا لە شاری جەددەی سعوودیەن، سەرەڕای راگرتنی گفتوگۆکان و کۆتایی هێنان بە ئاگربەستە پێنج رۆژیەکە. هەروەها رۆژی شەممە، بۆردومانی شەڕ خەرتومیان هەژاند، سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست لەنێوان هەردوولا.