باڵا پۆشەکەی پەرلەمانی بەلجیکا دەبێتە وەزیر لە حکومەتی نوێی تورکیا
K24 - هەولێر
تاکە ئافرەت لە کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا پۆستی وەزیر لەکابینەی نوێدا وەدەگرێت، تاوەکو ئێستا تەنیا دوو وەزیری کابینەی پێشووی حکومەتی تورکیا لە پۆستەکانیان دەمێننەوە.
وەزیری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، کە لە ساڵی 1982 لە ناوچەی شایربێک لە برۆکسل لەدایکبووە، بڕوانامەی لە زانستە سیاسییەکان و کارگێڕی گشتی لە زانکۆی برۆکسل بەدەستهێناوە.
کۆکتاش کە خاوەنی رەگەزنامەی بەلجیکایە، زوو چووە ناو سیاسەتەوە و تا بوو بە جێگر لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە.
کۆکتاش، ژیانی سیاسی خۆی لە رێگەی پارتی "مرۆڤ دیموکرات" لە بەلجیکا دەستپێکردووە، لەوێشەوە وەک یەکەم ژنی باڵاپۆش چووەتە پەرلەمان، بەڵام لە ساڵی 2015 لە ریزەکانی خۆیان دەریانکرد، ئەمەش بەهۆی رەتکردنەوەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا.
ئەم رووداوە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەستێرە و ناوبانگەکەی بوو لە وڵاتی رەسەنی خۆیدا کە تورکیایە، کە لە ساڵی 2020 وەک باڵیۆزی تورکیا لە جەزائیر هەڵبژێردرا، لەوێش تا دەستبەکاربوونی وەک وەزیر لە حکومەتی نوێدا لەو پۆستەدا مایەوە.
جگە لە زمانی تورکی و ئینگلیزی، کۆکتاش بەباشی بە زمانی هۆڵەندی و فەرەنسی قسەدەکات، ئەمەش وایکردووە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگاکانی برۆکسلدا هەبێت، پێش ئەوەی بچێتە جەزائیر بۆ کارکردن.
لە ساڵی 2010 هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەحمی کۆکتاش، سەرکردەی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە.