ئەمەریکا: میلیشیا چەکدارەکان سەرچاوەکانی عێراق تاڵان دەکەن
"سیستەمی سیاسی لە وڵاتەکە بەو شێوازە بەردەوامبێت عێراق لەناودەچێت"
K24 - هەولێر:
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، میلیشیا چەکدارەکان دەسەڵاتی عێراقیان کۆنترۆڵکردووە و سیستەمی سیاسیش لە وڵاتەکە بەو شێوازە بەردەوامبێت عێراق لەناودەچێت.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە وتارێکی لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک رایگەیاند، میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان و چەند لقێکی دیکەی جێبەجێکردنیان لە عێراق کۆنترۆڵکردووە و سیستمی سیاسی وڵاتەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆرغ دەکەن و سەرچاوەکانی عێراق تاڵان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی ئەوەی عێراق سێیەم گەورە وەبەرهێنەری نەوتە لە جیهان، بەو شێوازەش بەردەوامبێت وردە وردە لەناودەچێت و کاریگەری تەواویشی لەسەر ناسەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، هەیە.
سولیڤان ئاشکراشیکرد، ئەمەریکا ئەجێندایەکی فراوانی هەیە بۆ بەهێزبوونی بەغدا و سەربەخۆبوونی لە تاران.
بە گوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، زیاتر لە 10 گرووپی میلیشیای چەکدار لە عێراق هەن و، کۆی گشتی ژمارەی ئەندامەکانیان نزیکەی 100 بۆ 150 هەزار چەکدارە.