سبه‌ی باڵیۆزخانه و كونسوڵخانه‌ی ئێران له سعوودیه ده‌كرێته‌وه

K24 - هەولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، له چوارچێوه‌ی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی نێوان ئێران و سعوودیه، رۆژی سێشه‌ممه باڵیۆزخانه و كونسوڵخانه‌ی ئێران به فه‌رمی له سعوودیه ده‌كرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 5ـی حوزه‌یرانی 2023) ناسر كه‌نعانی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، له‌دوای تێپه‌ڕبوونی سێ مانگ به‌سه‌ر رێككه‌وتنی نێوان ئێران و سعوودیه به‌سه‌رپه‌رشتی چین بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2015ـوه پچڕاوه، سبه‌ی سێشه‌ممه 6ـی حوزه‌یران، له یه‌ك كاتدا، باڵیۆزخانه و كونسوڵخانه‌ی ئێران له هه‌ردوو شاری ریاز و جه‌دده‌ی سعوودی ده‌كرێنه‌وه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، رۆژانی سێشه‌ممه و چوارشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو، نوێنه‌رایه‌تی هه‌میشه‌یی ئێران له رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی ده‌كرێته‌وه.
پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان سعوودیه و ئێران كه پێشتر بەهۆی قەیرانی یەمەنەوە لە ئاداری 2015ه‌وه گرژیی به‌خۆوه بینیبوو، به ته‌واوه‌تی پچڕان.
بەرپرسانی ئێران و سعوودیە لە نیسانی 2021دا، به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی گفتوگۆی راسته‌وخۆ لە بەغدا کۆبوونەوە و دواتریش دانوستانەکان بە نێوەندگیری عێراق درێژه‌یان هه‌بوو.
دوای حه‌وت ساڵ له پچڕانی، رۆژی 10ی ئاداری 2023 به نێوه‌ندگیریی چین، ریاز و تاران له په‌كین رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوانیان.
رۆژی 6ـی ئایاری 2023، ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆككۆماری ئێران به ئاژانسی فه‌رمی سانای سووری راگه‌یاندووه، ئێران و سعوودیه دوو وڵاتی گه‌وره‌ن، ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان هاوكێشه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه ده‌گۆڕێت.
هه‌روه‌ها گوتی: "گه‌لانی موسڵمان له ناوچه‌كه‌دا پشتگیری له دادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ن، ئه‌وكاته‌ی كه په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ سعوودیه خراپ بوو، رێبه‌ری باڵا رێنمایی ده‌كردین، كه دوژمن ته‌نیا ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیله".