سەرۆککۆماری عێراق: دواخستنی پەسەندکردنی بودجە رێگری لە کار و چالاکییەکانی حکومەت دەکات

لەتیف رەشید
لەتیف رەشید

K24 - هەولێر

سەرۆککۆماری عێراق، رایگەیاند، پێویستە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیارێکی روون و کۆتایی بدەن سەبارەت پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ی حوزەیرانی 2023، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق گوتی: "خەڵکەکەمان بە گرنگییەوە چاودێری پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە دەکەن وەک هەنگاوێکی گرنگ بەرەو زامنکردنی پێداویستییەکانی بیناسازی و بنیاتنانەوە لە وڵاتەکەمان و دەستپێکردن و جێبەجێکردنی پەرەپێدان و تەواوکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان لەلایەن شار و پارێزگا جیاوازەکانەوە."

 ئەماژەی بەوەشکرد، "کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق سبەینێ پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە".

گوتیشی " ئێمە سوپاسی هەوڵەکانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین بۆ هەنگاونان بەرەو تەواوکردنی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە، هەر دواخستنێک رێگری لە کار و چالاکییەکانی حکومەت دەکات و زیان بە پێداویستییەکانی هاووڵاتیان دەگەیەنێت".

ئەوەش هاتووە، "چاوەڕوانی بڕیارێکی روون و کۆتایی دەکەین لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەبارەت بە پەسەندکردنی بودجە بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی و ئەرکە سەرەکییەکان کە دەبێت جێبەجێ بکرێن، بە شێوەیەک کە لەگەڵ خواستەکانی خەڵکدا بێت و ئاستی ژیان و خزمەتگوزاری بەرز بکاتەوە و دڵنیا بێت لە جێبەجێکردنی کاریگەری بڕگەکانی بودجە لە پلانەکانی پەرەپێدان و بنیاتنانەوەدا".