د. محەممەد ئیحسان: پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی وەک بیرۆکە شتێکی باشە بەڵام ئەستەمە جێبەجێ بکرێت

K24 - هەولێر:

د. محەممەد ئیحسان، مامۆستای زانکۆ و وەزیری پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پرۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی وەک بیرۆکە شتێکی باشە بەڵام ئەستەمە جێبەجێ بکرێت.

د، محەممەد ئیحسان لەبارەی حکومەتی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمە جاری یەکەم و دووەم نییە کە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا گرفتی بۆ دروست دەکرێت و هەوڵ دەدرێت وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، جارێک چەند کاتژمێرێک دواخرا، د. محەممەد ئیحسانیش پێشبینی دەکات جارێکی دیکەش دوابخرێت چونکە هێشتا لایەنەکان رێککنەکەوتوون.

لەلایەکی دیکەوە، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ئەوەی خستەڕوو، رێککەوتنی سیاسی لایەنەکان لە دەرەوەی پەرلەمان کراوە، بەڵام لەنێو لیژنەی دارایی تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک نییە، تەنانەت پێنج پەرلەمانتار لە ئێستاوە رایانگەیاندووە، کە دەنگ بە پڕۆژەیاساکە نادەن، ئەمەش گرفتێکی گەورەی دروستکردووە.

بە گوتەی د. محەممەد پرۆژەیاسای بودجە کۆمەڵێك گرفتی هەیە، چونکە ئەمە یەکەمجارە لە عێراق پرۆژەیاسایەکی بودجەی سێ ساڵە پێشکەش بکرێت، گوتیشی: وەک بیرۆکە شتێکی باشە، بەڵام لە جێبەجێکردندا ئاڵۆزی بۆ دروست دەبێت، چونکە بودجەیەکی سێ ساڵی پێویستی بە چەندین هەل و مەرجی تایبەت هەیە بۆئەوەی دابین بکرێت، بە نموونە جێگیری نرخی نەوت و بەهای دۆلار.

ئەو وەزیرەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە، بەبێ رێککەوتنی سیاسی، پرۆژەیاسای بودجە بچێتە پەرلەمان، پێویست دەکات لایەنەکان خۆیان بۆئەوە ئامادە بکەن، زیانەکانیان لە بودجە کەمبکەنەوە.

د، محەممەد ئیحسان دەشڵێت: خەڵکێک هەیە لە بەغدا باس لەوە دەکەن، ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان بدرێت، پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیاوە چی بەسەر دێت، چونکە ئەو پرسە تا ئێستا روون نییە. بە بۆچوونی ئەو تورکیا هەرگیز ئەو پارەیە نادات کە عێراق داوای لێدەکات، ئامادەش نییە سازش لەسەر هیچ بکات.