ئەردۆغان: بە شێوەیەکی سەلامەت و خۆبەخشانە پەنابەرە سوورییەکان دەگەڕێنینەوە بۆ وڵاتەکانیان

ئەردۆغان و هاوسەرەکەی
ئەردۆغان و هاوسەرەکەی

K24 - هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی بە شێوەیەکی سەلامەت و خۆبەخشانە و شەرەفمەندانە پەنابەرە سوورییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان، گوتیشی: "هانی ئەو برایانە دەدەین کە پەنایان بۆ وڵاتەکەمان هێنا و لەشەڕهەڵاتن خۆبەخشانە بە سەلامەتی و بە شەرەفەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".

شەوی چوارشەممە، دوای یەکەمین کۆبوونەوەی حکومەتە نوێیەکەی، ئردۆغان گوتی، "ئێمە ئەم پرسە بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر دەکەین بە شێوەیەک کە لەگەڵ مێژوو و کولتوور و بەها باوەڕییەکانمان بگونجێت".

لێدوانەکانی ئەردۆغان وەک پشتڕاستکردنەوەی بەڵێنەکانی پێشووی بوو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا، سەبارەت بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە ملیۆنێک پەنابەری سووری بۆ ناوچە ئارامەکانی باکووری سوریا کە لەلایەن تورکیاوە دامەزراوە.

بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، باڵیۆز کۆرهان کارەکوچ، دووپاتی کردەوە کە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان لە کۆتایی پڕۆسەی سیاسی لە سووریا بەدی دێت.

کارەکوچ ئاماژەی بەوەدا، تورکیا لە کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بە سووریادا،جەخت لە  کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکان لەگەڵ رووسیا، سووریا و ئێران سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق کراوەتەوە.

دۆسیەی پەنابەرە سووریەکان لە تورکیا لە ماوەی هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردوودا بۆ لوتکەی کارنامەی سیاسی تورکیا بەرزبووەوە، بەتایبەتی لەگەڵ بەڵێنەکانی ئۆپۆزسیۆن کە دەستبەجێ کار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بکات ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.