شوان کەلاری: زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن ئەمشەو بودجە پەسەندبکرێت

K24 - هەولێر:
بڕیارە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە بدات، هاوکات ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنێت، زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن ئەمشەو بودجە پەسەندبکرێت
شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، هەموو لایەنە کوردیەکان ئیستا لە کۆبوونەوەدان بۆ مەبەستی یەکخستنی هەڵوێستەکانیان، هەروەها هەموو لایەنە کوردیەکان رایان وایە ئەوەی لە لیژنەی دارایی کرا وەکو بۆمبێک بوو کە بۆ هەرێمی کوردستان دانرا.
هەروەها راشیگەیاند، کاتی ئەوە ماوە ماددەکان لە لیژنەی دارایی، دووبارە دابرێژرێتەوە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، بە شیوەکی گشتی پێش ئەنجامدانی کۆبووەونەکە لایەنە کوردییەکان کۆدەنگن و لارییان نییە لەو خاڵانەی کە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانن.
دەشڵێت: "زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن ئەمشەو بودجە پەسەندبکرێت".
جەختیشی لەوەکردەوە، گەشبینین بە هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان، چونکە خەڵکی کوردستان و خوێنی شەهیدانیش هەر ئەوەمان لێدەخوازێت، ئێمە بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو دەنێن.
رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.
رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وهزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی فیدراڵی پهسهندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.
هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.
لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.