دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد
K24 - هەولێر:
پەیامنێری کوردستان24 لەناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، زەنگی چوونە ژوورەوەی پەرلەمانتاران بۆ ناو هۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمان و دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان لێدرا و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش داوا لە پەرلەمانتاران دەکات ئامادەبن.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، 258 پەرلەمانتار لەناو هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ئامادەن و بە فەرمی دانیشتنی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 دەستیپێکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەیەوێت دانیشتنی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە دەستپێبکات و بەهۆی پشووی یاسایی پەرلەمان و چوونی بەشێک لە پەرلەمانتاران بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، پێشبینی ئەوە دەکرێت کە رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی تایبەت بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە تەواونەبێت، بۆیە ئەگەری هەیە 12 ماددە لە پرۆژەیاساکە لەمشەودا دەنگی لەسەر بدرێت کە ماددەی گشتیین و هیچ ناکۆکییەکیان لەسەر نییە و دواتر دانیشتنەکە بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە تا گەیشتنە رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر کۆی ناوەڕۆکی پرۆژەیاساکە.
پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 لە 67 ماددە پێکهاتووە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەندکراوە.