دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بە کراوەیی هەڵگیرا

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، بۆ کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بە کراوەیی هەڵگیرا و لە بەشی یەکەمی دانیشتنەکەشدا، لە کۆی هەشت ماددە کە خوێندنەوەی بۆ کرا، شەش ماددەی پەسەندکرد و دەنگدان لەسەر ماددەی دووەمی دواخست و ماددەی چوارەمیشی لادا.

پەیامنێری کوردستان24 لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بۆ کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی (9ـی حوزەیرانی 2023) بە کراوەیی هەڵگیرا.

لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لە درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023)، شەش ماددە لە پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرا کە بریتین لە ماددەکانی (یەکەم، سێیەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەم)، هەروەها دەنگدان لەسەر ماددەی دووەم دواخرا و ماددەی چوارەمیش لەناو پرۆژەیاساکە لادرا.

لە ماددەی یەکەمی پرۆژەیاسای بودجەدا کە پەسەندکرا، بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 130 هەزار دینار بۆ ماوەی سێ ساڵ (تا کۆتایی ساڵی 2025) جێگیرکرا و نرخی یەک بەرمیل نەوتیش بە 70 دۆلار دانراوە.

هەروەها لە بودجەدا بڕی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دانراوە، بە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە.

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 بەهۆی ئەوەی  85 پەرلەمانتار لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەشتی وڵاتی سعوودیە دەکەن، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەلەی کردووە لە دەستپێکردنی دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، بۆ ئەوەی لە وەرزی پشووی یاسایی و گەشتکردنی ئەو پەرلەمانتارانە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی تەواونەکردنی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران دوانەکەوێت و دانیشتنەکە بە کراوەیی هەلبگرێت ئەگەر لایەنەکانیش لەم دوو رۆژەدا نەگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر تەواوی بڕگەکانی پرۆژەیاساکە.

پێشتر کوردستان24 بڵاویکردەوە، لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت رێککەوتوون لەسەر داڕشتنەوەی هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە ئەو پشێنیازەی ئێستا هەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی فیداڵی و هەرێمی کوردستان کراوە و دەبێتە شوێنگرەوەی ئەو گۆڕانکارییانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرۆژەیاساکە ئەنجامی دابوو.

ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە لێرە بخوێنەوە.

پێش دەستپێکردنی دانیشتەنەکی پەرلەمانیش، فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و هەریەکە لە پەرلەمانتاران بڕیار رەشید لە فراکسیۆنی یەکێتی و جەمال کۆچەر لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بۆ کوردستان24 دووپاتیانکردەوە، کۆبوونەوەکە بۆ دروستکردنی کۆدەنگی بووە و رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە پرۆسەی دەنگدان بە بودجە لەناو هۆڵی پەرلەمان، ململانێ و ناکۆکییەکانیان وەلابنێن، لەپێناو پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق.

هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق 24 کاتژمێر مۆڵەتی بە لیژنەی دارایی داوە تاوەکو ئەو پێشنیازە نوێیانەی بۆ هەندێک لە بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی پێشکەشکراون تاوتوێی بکات.

لەلایەن خۆیەوە، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەبارەی ماددەکانی 13 و 14 تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئاشکرایکرد، لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمەوە رێککەوتن کراوە هەروەها لەسەر کردنەوەی هەژمارێكی بانک تایبەت بە کۆکردنەوەی داهاتی نەوتی هەرێم رێککەوتن لەژێر سەرپەرشتی هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بێت.

شەوی (7ـی حوزەیرانی 2023)، سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ماڵی هادی عامری لە بەغدا کۆبوونەوە و دوایین گفتوگۆیان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە کردووە کە وەک پێشتر لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقەوە راگەیەندرا، رۆژی پێنجشەممە (8ـی حوزەیرانی 2023) دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەدرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری، سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رێککەوتوون لەسەر بەشداریکردن لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و دەنگی پێبدەن.

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.

رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. 

گرنگترین زانیارییەکانی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئامادەکراوە، لێرە بخوێنەوە.

Fly Erbil Advertisment