وه‌زاره‌تی به‌رگری تایوان: 37 فڕۆکە و پێنج کەشتیی چین لە دەوروبەری تایوان بیندراون

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بەرگریی تایوان رایده‌گه‌یه‌نێت، لە شەوی رابردووەوە تا بەیانی ئەمڕۆ، 37 فڕۆکەی جەنگی و پێنج کەشتیی چین لە دەوروبەری تایوان بیندراون.

وەزارەتی بەرگریی تایوان لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووە سەر ئەوەی 12 فڕۆکەی جەنگی جۆری J-10، هه‌روه‌ها 14 فڕۆکەی جەنگیی جۆری J-16 ، چوار فڕۆکەی جۆری H-6، دوو فڕۆکەی جۆری Y-20، دوو فڕۆکەی گواستنەوەی Y-9 و دوو فڕۆکەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی KJ-500 و درۆنێکی چەکدار WZ-7 بە ئاسمانی باشووری رۆژهەڵات و باشووری رۆژئاوای ئەو ناوچەیەدا کە تایوان وەک "کایەی دانپیاندراوی بەرگری ئاسمانی" دەیبینێت، فڕیوون.

وەزارەتی بەرگریی تایوان سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی، کە کەشتی و فڕۆکەکانی چین لەلایەن ئامرازەکانی چاودێری ئەلیکترۆنی، کەشتییەکانی دەورییە، کەشتییەکانی دیکە و سیستەمی مووشەکی جێگیرەوە چاودێری کراون.

کایەی ئاسمانی، لە یاسای نێودەوڵەتیدا، ئەو ناوچەیە دەگرێتەوە کە 22 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانەوە دوورە. "کایەی بەرگریی ئاسمانی"ی تایوان کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دانی پێدانەنراوە و بە شێوەیەکی تاکلایەنە راگەیەندراوە.

جموجۆڵی کەشتی و فڕۆکەکان دوای ئەوە هات، کە سەرۆکی پەیمانگای ئەمه‌ریکی، لۆرا رۆزنبێرگەر سەردانی ئەو دوورگەیەی کرد.

رۆزنبێرگەر لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی تایوان، رایگەیاندبوو، کە ئەمه‌ریکا ئاشتی و سەقامگیری دەوێت لە دوورگەی تایوان و بەردەوام دەبێت لە فرۆشتنی چەک بۆ پشتگیریکردن (لە تایوان).

دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی و شاندی یاوەری بۆ تایوان لە سەرەتای مانگی ئابی 2022دا، چین مانۆڕی سەربازی لە دەوربەری دوورگەی تایوان ئەنجامدا.

پەكین بە جەختكردنەوە لەسەر "بنەمای یەك چین"، دژی ئەوە دەوەستێتەوە تایوان لەگەڵ وڵاتانی جیهان پەیوەندیی دیپلۆماسی سەربەخۆ دابنێت و نوێنەرایەتیی هەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.