حەفیزە گایا ئەرکان وەک سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا دەستبەکاربوو

بۆ یەکەمجار ژنێک کرایە سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا

حەفیزە گایا ئەرکان - فۆتۆ: aa
حەفیزە گایا ئەرکان - فۆتۆ: aa

K24 – هەولێر

دوای ئەوەی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاری بوونی بە  سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا درا، حەفیزە گایا ئەرکان لە پۆستەکەی دەستبەکاربوو.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە 9ی حوزەیرانی 2023، حەفیزە گەیا ئەرکان-ی وەک سەرۆکی بانکی ناوەندیی دەستنیشانکرد. ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی کۆماری تورکیادا، ژنێک ئەو پۆستەی پێبدرێت.

حەفیزە گەیا ئەرکان لە ساڵی 1982 لە دایکبووە، بەشی ئەندازیاری پیشەسازی لە زانکۆی بۆغازیچی تەواو کردووە. لە درێژەی خوێندنی لە ئەمەریکا بووە  بە یەکەم خوێندکار لە مێژووی زانکۆی پرینستۆن کە لە ماوەی ساڵێکدا بڕوانامەی دکتۆرای تەواو بکات. حەفیزە ئەرکان پلەی یەکەمی لە 40 چالاکترین گەنجی ئەمەریکا بەدەستهێناوە، لە زۆرێک لە دامەزراوە داراییەکان پۆستی باڵای بەڕێوەبردنی هەبووە. ساڵێک لەمەوبەر، حەفیزە ئەرکان لە پۆستەکەی لە کۆمپانیای فەرست کۆماری دەستی لەکارکێشایەوە بۆ ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەری کۆمپانیای گاری ستۆن کە قەرزدەرێکی خانووبەرەی بازرگانییە و بنکەکەی لە نیویۆرکە، بەڵام دوای چەند مانگێک کارەکەی بەجێهێشت.

 حەفیزە ئەرکان، بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازیاری دارایی و بیرکاری کارپێکراو لە زانکۆی پرینستۆن وەرگرتووە و بۆ ماوەی هەشت ساڵ وەک سەرۆکی وەبەرهێنانی کۆمپانیای فەرست کۆمار کاری کردووە. دوای ئەوەی محەممەد شیمشەک بوو بە وەزیری گەنجینەی و دارایی، گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراو لە بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندیدا روویدا. ئەردۆغان پێشتر رایگەیاندووە، کە سیاسەتەکانی سەبارەت بە رێژەی سوود ناگۆڕێت. بەڵام دانانی محەممەد شیمشەک وەک  وەزیری دارایی و گەنجینەی تورکیا ئەولەویەتی کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان لە تورکیا نیشان دەدات ئابووریناسەکان باس لەوە دەکەن شیمشەک و حەفیزە دەتوانن گۆڕانکاری چاوەروانکراو دروست بکەن .

لە ئێستادا چاوەکان لە سەر کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندی تورکیایە  بۆ دیاریکردنی رێژەی سوود کە لە 22ی حوزەیرانی 2023 بەرێوە دەچێت. ئایا ئەردۆغان لە خولی نوێ خۆیدا چاوێک بە سیاسەتەکانی سەبارەت بە رێژەی سوو دەخشێتەوە یان نا؟ یا خود حەفیزە گایا ئەرکان و محەممەد شیمشەک تا چەند کاریگەریان دەبێت  لە سەر بڕیارەکانی ئەردۆغان.

 بەپیێ دوایین ئامارەکان ئەم مانگە هەڵاوسانی تورکیا بەهۆی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی کەم بووەوە، ئەردۆغان بەڵێنی دابوو کە بۆ ماوەی مانگێک پارەی غازی ماڵان بێ بەرامبەر بکات. بە جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنەی لەم مانگەدا، هەڵاوسانی تورکیا گەیشتە نزمترین ئاست و لە مانگی ئایاردا هەڵاوسانی بەکاربەران بە بەراورد بە ساڵی رابردوو گەیشتووەتە 39.6%، بەڵام شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن فشاری هەڵاوسان بەردەوام بێت و قورسایی لەسەر ئابووری تورکیا دروست ببێت  ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە کە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی 24 ساڵی رابردوودا ولە ئێستادا 1$ دۆلاری ئەمەریکی 23 لیرەی تێپەراندووە.

Fly Erbil Advertisment