پەیمانگای واشنتن: ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بەخێراییەکی زۆر زیادیکردووە
K24 - هەولێر
پەیمانگای واشنتن رایگەیاند، زیادبوونی ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بەو خێراییە زۆرە و زیادکردنی دارایی بۆی ناتوانرێت بشاردرێتەوە، ئەمەش سەرەڕای پەسەند نەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی نوێ لە ساڵی 2023 تا 2025.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، هێزەکانی حەشدی شەعبی هێزێکی ئەمنییە کە لە دوای ساڵی 2014 پێکهێنراوە، ئێستا لەلایەن فالح فەیازەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە لەلایەن ئەمەریکاوە لە لیستی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤدا ناوی هاتووە، بەڵام عەبدولعەزیز ئەلمحەمەداوی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمەریکاوە لە لیستی تیرۆر دایە.
لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە 17ی نیساندا دەرچووە و تێیدا هاتووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە رێژەی 95% لە بودجەی ساڵی 2023دا زیادیکردووە، کە ژمارەی چەکدارەکان لە 122 هەزارەوە بووەتە 238 هەزار.
پەیمانگای واشنتن لەو راپۆرتەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، فالح فەیاز لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "UTV" لە 18ی نیساندا ناڕەزایی دەربڕیوە بەرامبەر بەم ژمارانە و ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە بودجەی ساڵی 2021دا بەرزبووەتەوە بۆ 170 هەزار چەکدار، هەروەها لە بودجەی ئەمساڵیش بووەتە 204 هەزار چەکدار، ئەمەش هێشتا ژمارەیەکی زۆرە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، لە پرۆژەیاسای بودجە ژمارەی کارمەندانی وەزارەتی بەرگری بە رێژەی 6% و زیادکراوە و لە وەزارەتی ناوخۆ بە رێژەی 3% زیادکراوە. راشیگەیاند، ناتەبایی لەسەر قەبارەی راستەقینەی حەشدی شەعبی هەیە.
پەیمانگای واشنتن، توێژینەوەیەکی کردووە، لە ژێر ناوی رێزگرتن بەبێ کۆنتڕۆڵکردن، داهاتووی حەشدی شەعبی لە عێراق، کە ژمارەی حەشدی شەعبی لە ماوەی ساڵانی یەک لە دوای یەکدا بە ناڕوونی هێڵدرایەوە، لە کاتێکدا هەمیشە زیادەڕۆیی لە ژمارەی راستەقینەی تۆمارکراوەکاندا هەبووە .
لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئەم بودجەیە کە یەکەم بودجەیە لە سەردەمی حکومەتەکەی محەممەد شیعاع سوودانی، هێزەکانی حەشدی شەعبی رازی بوون بە تۆمارکردنی ژمارەی ئەندامەکانیان لەنێوان 160 هەزار بۆ 170 هەزار ئەندام، لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو، لەنێوان 25 هەزار بۆ نزیکەی 35 هەزار چەکدار کە لە لیستی مووچەی فەرمیدا تۆمار نەکراون لەخۆ بگرێت.
فالح فەیاز دەڵێت: بەرزبوونەوەی ژمارەی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بۆ 204 هەزار چەکدار یان بۆ 238 هەزار کە ئەنجومەنی نوێنەران لە رەشنووسی بودجەدا روونیکردووەتەوە، ئەمە بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و لەسەرووی ئارەزووەکانی پێشووترە.
جگە لەوەش لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، کە بودجەی حەشدی شەعبی لە گەشەکردن دایە، هەرچەندە بە رێژەیەکی خاوتر لە گەشەکردنی ژمارەکەی.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە، لە بودجەی ساڵی 2021دا، 2.6 ملیار دۆلار بۆ حەشدی شەعبی تەرخان کرابوو، بەڵام لە بودجەی ئەم ساڵی 2023 دا، 2.16 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.
فالح فەیاز گوتیشی: "یاسای خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی خەریکە بەسەر دەچێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم یاسایە ماف و پۆست و مووچەی چەکداران مسۆگەر دەکات، دەبێتە فەرمانبەری هەمیشەیی.