داواکاری گشتی سوید پیاوێک بە هاوکاریکردنی پەکەکە تۆمەتبار دەکات
K24 - هەولێر:
داواکاری گشتی سوید پیاوێک بە هاوکاریکردنی پەکەکە و هەڵگرتنی چەک تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: لەگەڵ ئەندامێکی پەکەکەدا پەیوەندی هەبووە.
دەسەڵاتی دادوەری سوید رایگەیاند، ئەوە یەکەمجارە کەسێک تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکەی بدرێتە پاڵ.
دەسەڵاتدارانی سوید ناوی تۆمەتبارەکەیان ئاشکرا نەکردووە بەڵام ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە خەڵکی تورکیایە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو پیاوە بەشێک بووە لە تۆڕێک کە کاریان کۆکردنەوەی پارە بووە بۆ پەکەکە و پەیوەندی بە کەسێکی دیکەوە هەبووە و ئەویش بەهۆی ئەندامبوونی لەنێو پەکەکە، لە ئەڵمانیا زیندانی کراوە.
ئیلهان ئایدن، پارێزەری بەرگریکاری ئەو پیاوە رایگەیاندووە، تەواوی تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە، بەڵام دان بەوەدا دەنێت، کە چەکی هەڵگرتووە.
سوید کە ساڵی رابردوو دوای لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داوایکرد ببێتە ئەندامی ناتۆ، دەیەوێت پێش کۆبوونەوەی لوتکەی هاوپەیمانییەکە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموز لە ڤیلنیۆس، ئەندامێتییەکەی پەسەند بکرێت.
تا ئێستا تەنیا، تورکیا و هەنگاریا داواکارییەکەی سویدیان پەسەند نەکردووە.
پارێزەری بەرگریکاری ئەو پیاوە دەڵێت: هیوادارم کەیسی ئەو هاووڵاتیە نەبێتە ئامرازێکی سیاسیی بۆ دانووستانەکانی ناتۆ.