مەریوان قەرەنی: ئەگەر هەیە ماددەی پاشەکەوتی مووچە لەنێو بودجەدا زیاد بکرێت
 
                        K24 - هەولێر
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەخت لەوە دەکاتەوە، وەکو فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ مووچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستان راستگۆن و روونیشی دەکاتەوە، ئەگەر هەیە ماددەی دانەوەی پاشەکەوتی مووچە لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا زیاد بکرێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 11ـی حوزەیرانی 2023، مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی دانیشتی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کە بڕیاربوو کاتژمێر 13:00 بکرێت، ئاماژەی بەوە دا، تا ئێستا رێژەیی یاسایی پەرلەمانتاران بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە تەواو نەبووە و دیار نییە کەی دەکرێت.
لەبارەی پێشنیازی فراکسیۆنی پارتی و ژمارەیەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ زیادکردنی ماددەی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەخۆرانی هەرێم بە رێژی 12% بەهاوبەشی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لە نێو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا، مەریوان قەرەنی ئاماژەی بەوە دا، "ئەگەر هەیە ئەمڕۆ ئەو ماددەیەش لەنێو پڕۆژەیاساکەدا زیاد بکرێت. هەندێک لایەن موزایدەی سیاسیی بەو بابەتەوە دەکەن، بەڵام ئێمە وەکو پارتی ڕاستگۆین لەگەڵ خەڵک و مووچەخۆرانی خۆمان و داوامانکردووە پارەی بۆ تەرخانبکرێت".
شەوی رابردوو جارێکی دیکە پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر هەرسێ ماددەی 15، 16 و 17 بۆ کاتێکی نادیار دواخست. لەوبارەوە جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی، "تا ئێستا ناکۆکی لەسەر ئەو هەرسێ ماددەیە هەیە، بۆیە دەنگیان لەسەر نەدراوە، بەڵام ئەو ماددانەی پەیوەستبوون بە هەرێمی کوردستان هەموویان پەسەند کراون".
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دوای پەسەندکردنی 18 ماددە لە پرۆژەیاسای بودجە، لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە (11ـی حوزەیرانی 2023) هەڵگیرا.
لە دانیشتنی شەوی (10ـی حوزەیرانی 2023)، پەرلەمانی عێراق درێژەیدا بە دانیشتنەکانی بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، دوای پەسەندکردنی ماددەی 14، ماددەکانی 25 تا 41 بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرد.
سەرەتای دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، ماددەی 14ـی پرۆژەیاسای بودجە پەسەندکرا کە تایبەتە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.
دوای وەستانی دانیشتنەکە بۆ ماوەیەک بەهۆی ناڕەزایەتی فراکسیۆنی پارتی بەهۆی پەسەندکردنی بڕگەکانی کۆتایی ماددەی 14 کە جیاواز لە رەشنووسی پرۆژەیاساکە کە لە حکومەتی عێراقەوە هاتبوو، هەروەها دوور لە ناوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی لەسەر پێشنیازی یەکێتی پەسەندکرا.
دوای گەڕانەوەی پەرلەمانتاران بۆ ناو هۆڵی دانیشتنەکانی پەرلەمان، سەرۆکایەتی پەرلەمان درێژەیدا بە دانیشتنەکە و پرۆسەی دەنگدان لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجە، کە ماددەکانی 25 تا 41 بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکران.
هاوکات تاوەکو ئێستا دەنگدان لەسەر ماددەکانی (15، 16 و 17) ئەنجام نەدراوە بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان کە تایبەتە بە گواستنەوەی پارەی تەرخانکراو لەنێوان وەزارەتەکان و پێشتریش ماددەکانی (چوارەم و بیست و دووەم)یش لە پرۆژەیاساکە لادران.
درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو،دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وهزیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.
رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وهزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی فیدراڵی پهسهندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسانی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.
هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسانی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.
لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.
