مه‌ریوان قه‌ره‌نی: ئه‌مشه‌و بودجه په‌سند ده‌كرێت
K24 - هەولێر:
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له كۆبوونه‌وه‌دایه و ده‌نگی به زۆربه‌ی مادده‌كانی ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ـی داوه و هێشتا چه‌ند مادده‌یه‌ك له‌ناویشیاندا مادده‌كانی 15، 16، 17 و 42 و 43 ده‌نگیان پێ نه‌دراوه، كه تایبه‌تن به دامه‌زراندن و باج، هاوكات په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، پێشبینییه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه ئه‌مشه‌و ده‌نگ به په‌سندكردنی بودجه بدرێت.
مه‌ریوان قه‌ره‌نی، جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق پێشبینی كرد، كه ئه‌مشه‌و كۆتایی به ده‌نگدان به ته‌واوی مادده‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵی بێت و بودجه په‌سند بكرێت، گوتیشی، شیعه و سوننه‌كان له‌باره‌ی هه‌ندێك مادده‌وه به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی دابه‌شكردنی داهات ناكۆكییان هه‌بوو، به‌ڵام پشوویه‌ك به په‌رله‌مانتاران درا بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش كۆبوونه‌وه‌كانیان له ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی په‌رله‌مان ئه‌نجام دا، بۆیه هه‌موو ئاراسته‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن كه ئه‌مشه‌و بودجه په‌سند بكرێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا مه‌ریوان قه‌ره‌نی باسی له‌وه كرد، كه له كۆبوونه‌وه‌كاندا باس له زیادكردنی هه‌ندێك مادده و بڕگه‌ی دیكه كراوه، كه ده‌كرێت هه‌ر ئه‌مشه‌و ده‌نگیان پێ بدرێت، كه یه‌كێك له‌وانه جێگیركردنی رێژه‌ی 12%ـی دانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه.
له‌باره‌ی په‌سندكردنی بڕگه‌ی 8ـی مادده‌ی 14ـی پڕۆژه‌یاسای بودجه، رایگه‌یاند، فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به پشتوانی هه‌ندێك فراكسیۆنی عێراقی پیلانیان ئه‌وه بوو قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كه‌م بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌و ئامانجه‌یان پووچه‌ڵ كرایه‌وه.
زیاتر گوتی، فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌س و لایه‌نێكی دیكه پیلانیان داڕشت كه ئه‌ژمارێكی بانكی بكرێته‌وه و مافی راكێشان و دانانی پاره له‌و ئه‌ژماره له ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیردا بێت، به‌ڵام فراكسیۆنی پارتی گوشاری دروست كرد و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕانده‌وه.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (11ـی حوزەیرانی 2023) دانیشتنی ژمارەی (31)ـی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 229 پەرلەمانتار و بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ درێژەدان بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد.
لەسەرەتای دانیشتنەکە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پێشنیازەیاسای هەموارکردنەوەی دووەمی یاسای گۆڕینی ئەندامانی پەرلەمان ئەنجامدا، دوای ئەوەش دەنگدان لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) دەستیپێکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دەنگدان لەسەر ماددەکانی 42 و 43 دواخرا و دوای ئەوەش ماددەکانی 44 تا 57 پەسەندکران کە تاوەکو ئێستا دەنگدان لەسەر ماددەکانی دیکە بەردەوامە.
درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.
رۆژی هەینیش (9ـی حوزەیرانی 2023)، دوای دووجار دواخستن، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە درێژەی پێدرا و ماددەکانی (دووەم، نۆیەم، دەیەم، یازدەیەم، دوازدەیەم، سێزدەیەم، هەژدەیەم، نۆزدەیەم، بیستەم، بیست و یەکەم، بیست و سێیەم و بیست و چوارەم) پەسەندکران و دەنگدان لەسەر ماددەکانی (چواردەیەم، پازدەیەم، شازدەیەم و حەڤدەیەم) دواخرا.
لە دانیشتنی شەوی (10ـی حوزەیرانی 2023)، بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق درێژەیدا بە دانیشتنەکانی بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، دوای پەسەندکردنی ماددەی 14، ماددەکانی 25 تا 41 بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرد.
رۆژی (13ـی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.
هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.
لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.