مەحما خەلیل: حەلبووسی پیشەییانە ئەرک و رۆڵی خۆی جێبەجێ نەکردووە

K24 - هەولێر
مەحما خەلیل رەخنە لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی دارایی دەگرێت و ئاماژە بەوە دەدات، ئەرک و رۆڵی خۆیان پیشەییانە جێبەجێ نەکردوون.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 11ـی حوزەیرانی 2023، مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی دارایی بە شێوەیەکی پیشەیی ئەرک و رۆڵی خۆیان جێبەجێ نەکردوون.
وەکو ئەوەی ئەو پەرلەمانتاری پارتی ئاماژەی پێ دەدات، واژووی پێویستیان بۆ زیادکردنی بڕگەیەک لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کە باس لە دامەزراندنی هەزار پۆلیس بۆ قەزای شنگال دەکات، کۆکردبووەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە.
ئەم لێدوانەی مەحما خەلیل هاوکاتە لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای گشتیی بودجەی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە.