ناتۆ گه‌وره‌ترین مانۆڕی ئاسمانی له مێژووی خۆیدا ئه‌نجام ده‌دات
K24 - هەولێر:
ناتۆ به هه‌ماهه‌نگی ئه‌ڵمانیا ده‌ست به گرینگ‌ترین مانۆڕه ئاسمانییه‌كانی ده‌كات، كه ئامانج لێی نیشاندانی یه‌كگرتوویی هێزه‌كانیه‌تی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كی پێشبینكراو، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن رووسیاوه.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 12ـی حوزه‌یرانی 2023) هاوپه‌یمانی ناتۆ گرینگ‌ترین مانۆڕه ئاسمانییه‌كانی به هه‌ماهه‌نگی ئه‌ڵمانیا ده‌ستپێده‌كات، كه نزیكه‌ی 250 فڕۆكه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام و هاوبه‌شانی له‌وانه‌یش ژاپۆن و سوید تێیدا به‌شدار ده‌بن.
نزیكه‌ی 10 هه‌زار سه‌رباز به‌شداری ئه‌و مانۆڕانه ده‌كه‌ن، كه تاوه‌كو 23ـی ئه‌م مانگه به‌رده‌وام ده‌بێت. ئامانج له‌و مانۆڕانه بۆ به‌هێزكردنی به‌یه‌كه‌وه‌گونجان و كاركردنی هاوبه‌ش و پاراستنی فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كان و مووشه‌كی كرووزه له ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هێرشیك بۆ سه‌ر شاره‌كان، فڕۆكه‌خانه‌كان و به‌نده‌ره‌كانی ناو خاكی وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ.
له‌و باره‌یه‌وه ژه‌نه‌ڕاڵ ئینگۆ گێرهارتس، فه‌رمانده‌ی هێزه ئاسمانییه‌كانی ئه‌ڵمانی له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی ئاماده‌كارییه‌كانی ده‌ستپێكردنی ئه‌و مانۆڕانه رایگه‌یاند، ناتۆ به‌رگری له هه‌ر بسته‌خاكێكی ئه‌ندامه‌كانی ده‌كات، گوتیشی، كه ئه‌وان هاوپه‌یمانیه‌تێكی به‌رگرین و له‌و پێناوه‌شدا ئه‌و مانۆڕانه به‌رنامه‌ڕێژیان بۆ كراوه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئیمی گۆتمان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌ڵمانیا به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، شانازی به گیانی به‌یه‌كه‌وه‌یی نێوان وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆوه ده‌كه‌ن، هاوكات ژه‌نه‌ڕاڵ مایكڵ لۆی، به‌ڕێوه‌به‌ری پاسه‌وانی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ناتۆ ئێستا له‌به‌رده‌م پێچانه‌وه‌یه‌كی ستراتیژییه، گوتیشی "دیمه‌نی ستراتیژی به‌تایبه‌ت له ئه‌ورووپا زۆر گۆڕاوه".
بیرۆكه‌ی ئه‌و جۆره مه‌شق و مانۆڕانه ساڵی 2018 ده‌ستیپێكرد، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ گرتنی دوورگه‌ی كرێما له‌لایه‌ن رووسیاوه له ساڵی 2014ـدا. هه‌رچه‌نده ناتۆ به ئاشكرا راینه‌گه‌یاندووه، ئامانجی ئه‌و مه‌شق و مانۆڕانه به ئاشكرا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رووسیایه، به‌ڵام ئاماژه‌یان ده‌ریده‌خه‌ن كه ئامانج لێی نیشانی یه‌كگرتوویی هێزه‌كانی ناتۆیه به‌رامبه‌ر به رووسیا، به‌تایبه‌ت كه له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكردنی جه‌نگی رووسیا – ئۆكرانیا، هه‌ماهه‌نگی نێوان وڵاتانی ناتۆ به‌تایبه‌تی له بواری سه‌ربازیدا زیاتر بووه.