ئیبراهیم رەئیسی: ئێران و ڤەنزوێلا بەرژەوەندی هاوبەش و دوژمنی هاوبەشیان هەیە

.
.

K24 - هەولێر:

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نیکۆڵاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا لە کاراکاس، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، پەیوەندییەکانی ئێران و ڤەنزوێلا تەنها لەسەر ئاستی دیبلۆماسی نین، بەڵکو پەیوەندیی دوو وڵاتن کە بەرژەوەندی هاوبەش و دوژمنی هاوبەشیان هەیە.

ئیبراهیم رەئیسی ئاشکرایکرد، ئاستی هەماهەنگی ئابووری دوو ساڵ پێش ئێستا 600 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئاستی بازرگانی و هەماهەنگی ئابووری لە سێ ملیار دۆلار زیاترە.

لەلای خۆیەوە، سەرۆکی ڤەنزوێلا رایگەیاند، ئێران وەک یەکێک لە گەورەترین زلهێزە تازەپێگەیشتوەکان لە جیهانی نوێدا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، گوتیشی: ئێمە لە لایەنە راستەکەی مێژووداین، پێکەوە ناکەوین.

ئیبراهیم رەئیسی پێشتر سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ڤەنزوێلا رایگەیاندبوو، ئەم سەردانە رەنگە خاڵی وەرچەرخان بێت بۆ باشترکردنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەمریکای لاتین.