بەرپرسێکی پێشووی ئیسرائیل: لە عێراق و سووریا بە سەدان چەکداری داعشمان کوشتووە

غادی ئایزنکۆت
غادی ئایزنکۆت

K24 - هەولێر

سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، هێزی ئاسمانی و تیمەکانی "کۆماندۆ"ی وڵاتەکەی بەشدارییان لە شەڕی نێودەوڵەتی و ناوچەیی دژی رێکخراوەکانی "قاعیدە" و "داعش" کردووە و بە سەدان کەسی سەر بەو رێکخراوانە کوژراون و بە هەزاران کەسیش برینداربوون .

غادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل گوتی: لەم کارەماندا بەشداریمان لە لاوازبوونی ئەو دوو رێکخراوەدا کردووە، دەشڵێت،  "ئیسرائیلمان کردە گەنجینەی شەڕی تیرۆر لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا"، و پێگەی خۆی لەگەڵ نەیارەکانی، رووسیا و ئەمەریکا، بە هەمان شێوە بەرزکردەوە.

ئایزنکۆت، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، لە پەیمانگای توێژینەوەی ئاسایشی نیشتمانی لە تەلئەبیب کرد وگوتی: سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی لە ساڵی 2015ەوە بۆ سەر داعش دەستیپێکرد، کاتێک ئەم رێکخراوە نزیکەی شەش هەزار چەکداری مەشقپێکراوی لە ئەوروپاوە هێنابووە ناوچەی جۆلان.

لەو کاتەدا ئیسرائیل سەری لێ شێوابوو لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی سووریا و زۆر کەسیش تێیدا بوون کە پێیانوابوو داگیرکردنی زۆربەی خاکەکانی سووریا لەلایەن "داعش" و "ئەلقاعیدە"ەوە ئامانجێکی ئیسرائیلیە بۆ کەوتنی رژێمی ئەسەد کە دوژمنایەتی ئیسرائیل دەکات و لە رابردوودا شەڕی توندی لە دژی ئەنجامداوە.

ئایزنکۆت کە لەو ساڵەدا بۆ پۆستی سەرۆک ئەرکانی سوپا دەستنیشانکرا، و تا ساڵی 2019 لەو پۆستەدا مایەوە، ئەماژەی بەوەشکرد: من لەوکەمینەیەکدا بووم کە پێموابوو مانەوەی ئەسەد بۆ ئیسرائیل باشترە، چونکە لەم حاڵەتەدا دەبێت ناونیشانکمان هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەین لەسەر کارەکانی، لەکاتێکدا کۆنترۆڵکردنی رێکخراوەکان کارەکە قورس دەکات.

لە سووریا و عێراق

سەرۆکی ئەرکانی پێشووی سوپای ئیسرائیل فەرمانی بۆردومانکردنی ئەو هێزانەی دەرکرد بە درێژایی سنوورەکانی جۆلان، هەروەها بۆردومانی هەر شوێنێک دەکەن کە ئەو هێزانەی لێبن بە عێراقیشەوە، هەروەها بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل هێرشی مووشەکی بوونە لە دووری 1000 کیلۆمەترەوە.

ئایزنکۆت دانی بەوەدانا کە زۆربەی ئەم زانیاریانە "بە ئەنقەست بڵاونەکراونەتەوە"، ئاشکراشی کرد، هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هێڵی بەرگرییان بۆ گوندەکانی جۆلان دامەزراندووە، کە زیاتر لە 4 هەزار سەربازیان تێدایە، هەروەها نزیکەی 60 ئەفسەری باڵا سەرکردایەتی ئەو هێزانە دەکەن، دەشڵێت: لە رێگەی ئەو هێزەوە پشتیوانی مرۆیی ئیسرائیل بۆ دانیشتووان رێکخرا، لەوانە دامەزراندنی چەندین نەخۆشخانەی مەیدانی کە خزمەتگوزاری پزیشکی زۆریان پێشکەش بە دەیان هەزار نەخۆش و بریندار بەتایبەتی منداڵان و ژنان و بەساڵاچووان کرد.

کۆکردنەوەی زانیاری و چارەسەرکردن

سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، راستیی ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە، کە لەنێو ئەو بریندارانەی لە ئیسرائیل چارەسەری پزیشکییان وەرگرتووە، چەکدارانی داعش و ئەلقاعیدەی تێدابووە، گوتیشی: لەو کاتەدا ئەمەم وەک بەڵگەیەک بۆ بوونی هاوکاری نێوان ئێمە و داعش و قاعیدە ئامادەکرد، ئێمە "خزمەتگوزاری پزیشکی"مان پێشکەش کرد و سوودمان لێ وەرگرتن لە کۆکردنەوەی زانیاریدا.

ئایزنکۆت رونیشی کردەوە،  پێم باشترە لەگەڵ حکومەتی سووریا رێکبکەونین لە رێگەی رووسیاوە، کە زیان بەو چەکدارە سوریایانە نەگەیەنن کە هاوکاری ئیسرائیلیان کردووە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و قاعیدە.

ئایزنکۆت، هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، سەبارەت بە هاوکارییە ئەمنییەکانی نزیک لە نێوان ئیسرائیل و میسر لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە سینا پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئیسرائیل نزیکەی 100 ئامانجی رێکخراوەکەی لە سینا پێکاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ میسرییەکان.

زۆهار فلێیتی، بەرپرسی باڵای هەواڵگری سەربازی و مۆسادی ئیسرائیل، لە هەمان پەیمانگا قسەی کرد و هۆشداریشیدا لەوەی باوەڕیان بەوە هەبێت کە داعش نەماوە، گوتیشی: داعش و قاعیدە وەک دیاردەیەکی رێکخراوەیی پاکتاو کراون، بەڵام وەک بیرۆکە نا، هێشتا هەندێک کەس کار دەکات بۆ گەڕاندنەوەیان.