وەزارەتی تەندروستی: ئاوارەکانی سوودان بەدەست کەمی دەرمانەوە دەناڵینن
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی شاری جەزیرە رایگەیاند، کەمپەکانی شارەکە پڕبووە لە ئاوارە و ئەو کەسانەی لەبەر شەڕ هەڵاتوون، ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڵنگارییەکی گەورە رووبەررووی کەرتی تەندروستی شارەکە بووەتەوە، بەهۆی کەمی کەرەستە سەرەتاییەکان و نەگەیشتنی هاوکارییەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی.
ئوسامە عەبدولرەحمان ئەلفەکی، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی لە لێدوانێکیدا بە میدیا عەرەبیەکانی گوت: شاری جەزیرەی دراوسێی خەرتومی پایتەختی سوودان، پێشوازی لە هەزاران ئاوارەی خەرتوم و شارەکانی دیکە کردووە، هەموویان لە کەمپەکان و سەربازگەکان نیشتە جێبوون، هەروەها سەبەتەی خۆراک کەرەستە سەرەتاییەکانیان پێشکەشکراوە.
ئەلفەکی ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هاوبەشەکانی توانییان هاوکارییە خۆراکیەکان بگەیەننە 750 هەزار کەس لە 13 شار، هەروەها 19 هەزار کەسی دیکە لەشاری ئوم دەرمان خواردنی فریاگوزاری وەرگرتووە، بەهاوکاری خاچی سووری سوودان .
لەو چوارچێوەیەدا، ئینساف ئەلسەلاوی، جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرێوەبردنی خاچی سووری سوودانی لە لقی جەزیرە رایگەیاند، هەزاران سوودانی ئاوارەی شاری جەزیرە بوون، فشارێکی زۆری لەسەر شارەکە کردووە.
گوتیشی: ئێمە کێشەمان لەکەمی کەرەستەی فریاگوزاری و خواردن هەیە لەشارەکە، هەروەها هەموو کەمپەکان پڕبوون لە ئاوارە.
نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، 1.2 ملیۆن کەس کە دەکاتە 242 هەزار و666 خێزان، ئاوارەبون بەهۆی ئەو شەڕەی لە 15ی نیسانەوە لەسوودان سەری هەڵداوە.
ئەلسەلاوی جەختیشی لەوەکردەوە، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەمان هەیە کە نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە، وەکو شەکرە و پالەپەستۆی خوێن، کە بەدەست کەمی دەرمانەوە دەناڵێنن، ئەمەش بووەتە فشارێکی گەورە لەسەر ئێمە.
بەرپرسەکەی خاچی سووری سوودانی روونیشی کردەوە، وڵاتانی عەرەبی هاوکاریەکی گەورەی خاچی سووری سوودانیان کردووە، بە پێشکەشکردنی هاوکارییە خۆراکی و پزیشکیەکان، هاوکارییەکانیش لەلایەن خاچی سووری قەتەری و خاچی سووری کوێتی، هەروەها خاچی سووری نێودەوڵەتی.
ئەلسەلاوی داوای لە هەموو وڵاتان و رێکخراوەکان کردووە، هاوکاری سوودان بکەن چونکە ئێستا بەدەست کارەساتێکی مرۆیی خنکێنەر دەناڵێنێت، لەبەرئەوەی ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستدابوون ئێستا تەواوبوون.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی 170 تۆن کەرەستەی پزیشکی ناردووەتە سوودان، هەروەها یونسێف لە 31 ئایار، 19 تۆن ڤاکسینی بۆ 370 هەزار منداڵ ناردووەتە وڵاتەکە.