فەرەنسا دەزگا حکومییەکانی رووسیا بە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست تۆمەتبار دەکات

ئاڵای رووسیا و فەرەنسا
ئاڵای رووسیا و فەرەنسا

K24 - هەولێر

ئیدارەی پاریس ئاماژە بەوە دەدات، دەزگا حکومەییەکانی رووسیا لە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکاندا هەواڵی ناڕاستیان لە دژی فەرەنسا بڵاوکردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لەوبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، دەزگا فەرمییەکانی فەڕەنسا ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە لایەنی جیاوازی رووسی زانیاری ناڕاست لە دژی فەڕەنسا بڵاودەکەنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، لە نێوان ئەم لایەنانەدا کەسایەتی رووس، رووسی زمان و کۆمپانیای رووسی هەبوون، دەزگا حکوومییەکانی رووسیاش بە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لە دژی فەڕەنسا بەشداری ئەم هەڵمەتە چەواشەکارانەیان کردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو دەزگا فەڕەنسییانەی پەیوەندییان بە ئاشکرا کردنی رەوشەکەوە هەیە، رێوشوێنی پێویستییان گرتووەتەبەر.

لە راگەیەندراوەکەدا روونیشکراوەتەوە، لەم هەڵمەتەدا ماڵپەڕەکانی تایبەت بە باڵیۆزخانەکانی رووسیا و ناوەندەکانی رۆشنبیری رووسی بەشداربوون و هەڵمەتەکەش وەک نموونەیەکی نوێی "ستراتیجی دووفاقی" بۆ زیانگەیاندن بە دەزگاکانی فەڕەنسا، وەسف کراوە.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە، فەڕەنسا ئیدانەی رووسیای کردووە لە بەرامبەر ئەم کارەیدا و جەخت لەوەش کراوەتەوە هیچ هەڵمەتێکی چەواشەکاری ناتوانێت رێگری لە هاوکارییەکانی فەڕەنسا بۆ ئۆکرانیا بکات.