سوپای سوودان رفاندن و کوشتنی پارێزگاری رۆژئاوای دارفۆری راگەیاند
K24 - هەولێر
هێزە چەکدارەکانی سوودان رایگەیاند، رفاندن و کوشتنی پارێزگاری رۆژئاوای دارفۆر، خەمیس عەبدوڵڵا ئەبکار، لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا رەفتارێکی خیانەتکارانەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە،15ی حوزەیرانی 2023، سوپای سوودان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی پشتیوانی خێرا، خەمیس عەبدوڵڵا ئەبکار، پارێزگاری رۆژئاوای دارفۆڕیان رفاند و کوشتیانە، دەشڵێت: لەگەڵ ئەم رەفتارە قێزەونە لاپەڕەیەکی نوێی بۆ تۆمارکردنی تاوانە قێزەونەکانی خۆی کردەوە، کە ماوەیەکە بەرامبەر بە هەموو گەلی سوودان ئەنجامی دەدات.
سوپای سوودان لە راگەیەندراوەکەدا پشتڕاستی کردەوە، کە ئەبکار "یەکێک بووە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی واژۆکارەکانی رێککەوتنی ئاشتی جوبا، کە هیچ پەیوەندییەکی بە رەوتی ململانێی نێوان هێزە چەکدارەکانەوە نییە.
رفاندنی پارێزگاری رۆژئاوای دارفور دوای چەند کاتژمێرێک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنی لەگەڵ کەناڵی "ئەلحەدەس" هات، لەو کاتەدا دەنگی تەقە دەبیسترا.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، ئەبکار هێزەکانی پشتیوانی خێرا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی بە ئەنجامدانی "کۆمەڵکوژی" لە ناوچەکە تۆمەتبار کرد.
تا ئێستا هیچ لێدوانێک لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا لەسەر رفاندن و کوشتنەکەی نەدراوە.