سوودانی: پشتگوێخستنی گازی سروشتی وایکردووە عێراق ساڵانە چوار ملیار دۆلاری لەدەستبچێت

K24 - هەولێر:

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پشتگوێخستنی گازی سروشتی وایکردووە عێراق ساڵانە چوار ملیار دۆلاری لەدەستبچێت.

سوودانی راشیگەیاند، کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگییان گرتووەتەبەر تا عێراق بکەن بە کۆڵەیەکی گرنگ لەبازاڕی گازدا.

وەک ئاشکرایە عێراق ساڵانێکی زۆرە پشت بەنەوت دەبەستێت وەکو سەرەچاوەی سەرەکی دارایی، بەدرێژای ئەو ساڵانەش گازی سروشتی و گازی هاوەڵی پشتگوێخستووە، کە ئەوەش وایکردووە هەلێکی زۆری پەرەپێدان لەدەستبدەین

سەرۆکوەزیرانی عێراق، له‌ یادی 60 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوی ئۆپێك ئاماژەی بەوەدا، ئۆپێک بووەتە یەکێک لە گرنگترین رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و شایەتحاڵی گۆڕانکارییە نەوتییەکانی وڵاتانی جیهانە، گوتیشی: بەرپرسیارێتی ئۆپێک بە پرۆسەی هەناردەکردن کۆتایی نایەت، بەڵکو بە پرۆسەی رێکخستنی نرخەکان کۆتایی دێت.

بە گوتەی سوودانی، نەوت هێشتا سەرچاوەیەکی گرنگی ئابوورییە لە جیهاندا، بۆیە پێویستە وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک ئاستەنگەکانی جیهان لەبەرچاو بگرن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت وەک سەرچاوەی سەرەکی بۆ ئابووری، گوتیشی: گرێبەستی گرنگمان بۆ وەبەرهێنانی غاز واژۆ کرد.