بە هۆی بۆردوومان لە سوودان 10 کەس کوژران

چوار لە کوژراوەکان بران

سوودان.. بۆرومانکردنی شوێنی نیشتەجێبوون
سوودان.. بۆرومانکردنی شوێنی نیشتەجێبوون

K24 - هەولێر

رۆژی هەینی، بۆردومانی ئاسمانی و زەمینی، ژمارەیەک ناوچەی نیشتەجێبوونیان لە خەرتومی پایتەختی سوودان گرتەوە، لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، زیاتر لە 10 هاوڵاتی سڤیل کوژران.

شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە چوار برا لە گەڕەکی ئەلقادیسیە لە ناوچەی نیلی رۆژهەڵات کوژراون، هەروەها زیاتر لە هەشت کەس لە ئۆم دورمان لە رۆژئاوای خەرتوم و ناوچەی ئەللاماب لە باشوور کوژراون، بەهۆی ئەو بۆردومانە ئاسمانییە توندەی کە ژمارەیەک گەڕەکی کردە ئامانج.

لەماوەی سێ هەفتەی رابردوودا دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتوانی مەدەنیدا زیادیکردووە و سەدان هەزاریان ناچاربوون هەڵبێن و ماڵ و موڵکەکانیان بەجێهێشتووە، لەنێو ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی لە ژمارەیەک شاری ئەو وڵاتەدا سەری هەڵداوە.

کەمتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر زیاتر لە 18 کەس لە گەڕەکی مایۆ لە باشووری خەرتوم گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 120 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش دوای ئەوەی چەند مووشەکێک لەو گەڕەکە قەرەباڵغە کەوتنە خوارەوە، کە زیاتر لە ملیۆنێک کەسی تێدا نیشتەجێیە و ئێستاش بە یەکێک لە قەرەباڵغترین گەڕەکەکانی پایتەخت دادەنرێت.

هەروەها لە ناوچەی ئەلعەشرە، کە دەکەوێتە سەنتەری خەرتوم، نزیکەی 10 هاووڵاتی سڤیل بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان کوژراون.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە 15ی نیسانەوە، لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، زیاتر لە دووهەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون بە هەزارانی دیکەش بریندارن.