تاڵیبان رۆژی كشانه‌وه‌ی دوایین سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكای له ئه‌فغانستان وه‌ك پشوو راگه‌یاند

K24 – هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان له ئه‌فغانستان ئەو رۆژەی دوایین سەربازی بیانی وڵاتەکەی جێهێشت، وەک پشووی نیشتمانیی ناساند.
لە راگه‌یه‌ندراوێكدا کە نووسینگەی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان بڵاویکردووه‌تەوە، بەو پێیە 31ی ئاب هاوكاته له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی دوایین سه‌ربازی بیانی له ئه‌فغانستان و رۆژی كۆتاییهاتنی داگیركاریی ئەفغانستانه، وەک پشووی نیشتمانیی لە سەرتاسەری وڵات‌دا ناسێندرا.
دوای ئه‌وه دانوستانەكانی ئاشتی له نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو، ململانێکانی نێوان لایەنەکان لە هاوینی 2021دا په‌ره‌یان سه‌ند و تاڵیبان دەستیکرد بە کۆنترۆڵکردنی یه‌ك له‌دوای یه‌کی شارەکانی ئەفغانستان.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمه‌دا هێزه بیانییەکان كه له چوارچێوه‌ی ناتۆدا له ئه‌فغانستان بوون، کشانەوەی سه‌ربازانیان خێراتر کردبوو.
بەو شێوەیەش كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه لە 7ی تشرینی یەکەمی 2001دا دەستی پێ‌کردبوو، کشانەوەی دوایین سەربازی ئەمه‌ریکی لە 31ی ئابی 2021دا کۆتاییهات.
رۆژی (29ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2020) له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر، ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی ئیسلامی ئه‌فغانستان رێككه‌وتنی واژوو كرد.
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له 1996دا ده‌ركه‌وت و زیاتر له سه‌دا 80ی خاكی ئه‌فغانستانی كۆنترۆڵ كرد و ئیماره‌تێكی ئیسلامی له ئه‌فغانستان راگه‌یاند و ته‌واوی هێز و گرووپه چه‌كدارییه‌كانی ئه‌فغانستانی له دۆڵی بانشیر گه‌مارۆ دابوو.
به هۆی ته‌قاندنه‌وه‌ی تاوه‌ره بازرگانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، واشنتن رێكخراوی قاعیده و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانی به ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كان تۆمه‌تبار كرد و داوایكرد، تاڵیبان ئوسامه بن لادن راده‌ستی ئه‌مه‌ریكا بكات، به‌ڵام مه‌لا عومه‌ری ئه‌میری پێشووتری بزووتنه‌وه‌كه ره‌تیكرده‌وه، بن لادن راده‌ست بكات و رایگه‌یاند، بن لادن میوانی خۆشه‌ویستی ئه‌فغانستانه.
به‌و هۆیه‌وه ئه‌مه‌ریكا هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی بۆ سه‌ر ئه‌فغانستان ده‌ستپێكرد و كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان له كابوڵ هێنا.
سه‌ره‌ڕای پێكهێنانی حكومه‌تی كابوڵ و ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام بۆ كشانه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌دا ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ده‌ستیی به دانووستان كرد و ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی حكومه‌تی كابوڵی لێكهوتهوه.
تاڵیبان ره‌تیكردووه‌ته‌وه هیچ جۆره دانووستانێك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی كابوڵ بكات و ئه‌و حكومه‌ته‌ی به وابه‌سته‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌قه‌ڵه‌مداوه.